وەزیری شەهیدان سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی بەهەشتی زەهرا دەکات

02.12.2023
جەماوەر نیوز

کاتژمێر ۹ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ۲ی کانونی یەکەمی ۲۰۲۳، عەبدوڵا حاجی محمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و شاندی یاوەری سەردانی گۆڕستانی شەهیدانی بەهەشتی زەهرایان کرد لەشاری تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران و تاجە گوڵینەیان لەسەر مەزاری ئیمام خومەینی ڕابەری کۆچکردوی کۆماری ئیسلامی ئێران دانا.
دواتر شاندی وەزارەت سەردانی مەزاری شەهیدانی کیمیابارانی هەڵەبجە و شەهیدانی گومناویان کرد لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا کە لە ئەنجامی کیمیابارانی شاری هەڵەبجە لەساڵی ۱۹۸۸ بە برینداری پاش گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران گیانیان بەخشی و هەر لەوێش بەخاک سپێردراون، شاندی وەزارەت تاجە گوڵینەی رێز و وەفایان لەسەر گڵکۆی ئەو شەهیدانە دانا.
هەمان ڕۆژ کاتژمێر ۱۰:۳۰خولەکی سەر لەبەیانی، شاندی وەزارەت بەسەرۆکایەتی عەبدوڵا حاجی محمود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکروان سەردانی زانکۆی(شاهد)یان کرد و لەگەڵ سەرۆک و دەستەی کارگێری زانکۆ کۆبوونەوە.
زانکۆی شاهد یەکێکە لە زانکۆ گەورەکانی ئێران و سەر بە بونیادی شەهید و کاروباری قوربانیانە و لەلایەن هەردوو وەزارەتی (خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و تەندروستی) سەرپەرشتی دەکرێت و هەزاران خوێندکار لەکەس و کاری شەهیدان و قوربانیان تیایدا لە ئاستەکانی بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا دەخوێنن و چەندین سەنتەر و ناوەندی زانستی و ئەکادیمی هەیە لە بوارەکانی ڕاهێنان و پەرەپێدانی بەهرەو تواناکان و بەرهەمهێنانی پیشەسازی و داهێنکاری لەبواری پزیشکی و دەرمانسازی و کشتوکاڵی و ئەندازیاری و...هتد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی زانکۆی شاهد ئامادەیی بانکۆکەی پشاندا بۆ هاوکاری و هەماهەنگین، بەمەبەستی خزمەتکردن بەکەس و کاری شەهیدان و بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی لەهەرێمی کوردستان.
دواتر وەزیر بەناوی شاندەکەوە سوپاسی ئەو پێشوازیە گەرمەی سەرۆک و دەستەی زانکۆی شاهدی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکرا لەسەر گرتنەبەری ڕێکار و هەماهەنگی لەداهاتوودا بۆ کاری پێکەوەیی.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ