لەخانه‌قین یه‌كه‌م دیداری ئه‌ڵوه‌ن بۆ هونه‌ر و شارستانییه‌ت ده‌ستیپێكرد

02.12.2023
جەماوەر نیوز

به‌ چاودێری و ئاماده‌بوونی حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ له‌ خانه‌قین، یه‌كه‌م دیداری ئه‌ڵوه‌ن بۆ هونه‌ر و شارستانییه‌ت ده‌ستیپێكرد و له‌ وتارێكدا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان ڕایگه‌یاند، كاتی ئه‌وه‌یه‌ وه‌به‌رهێنانی زیاتر له‌ پێگه‌ و هه‌ڵكه‌وته‌ی ستراتیژیی خانه‌قین بكرێت و شاره‌كه‌ له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ نموونه‌یه‌كی جوانی پێكه‌وه‌ژیان و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و شارستانییه‌تی پێشكه‌ش كردووه‌.

"یه‌كه‌مین دیداری ئه‌ڵوه‌ن بۆ هونه‌ر و شارستانییه‌ت"، ئه‌مڕۆ له‌ شاری خانه‌قین، له‌ ژێر چاودێری و به‌ ئاماده‌بوونی حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستیپێكرد و بڕیاره‌ دوو ڕۆژ بخایه‌نێت.

دیداره‌كه‌ به‌ سه‌رپه‌رشتی جه‌لال شێخ نوری، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان و دلێر حه‌سه‌ن سایه‌، قائیمقامی قه‌زای خانه‌قین، له‌ لایه‌ن به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی ڕۆشنبیری و هونه‌ری گه‌رمیان- به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری خانه‌قین، سازكراوه‌.

له‌ دیداره‌كه‌دا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وتارێكی پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بوان كرد و تێیدا باسی له‌ لایه‌نه‌ جیاجیاكانی مێژوو، هونه‌ر، شارستانییه‌ت، پێكه‌وه‌ژیان و فره‌ كولتووری خانه‌قین و سنووری گه‌رمه‌سێری كرد.

له‌ ده‌ستپێكی وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان وتی: به‌ گوێره‌ی به‌ڵگه‌ مێژووییه‌كان، خانه‌قی، ده‌روازه‌ و پردی به‌یه‌كه‌وه‌به‌ستنی شارستانییه‌ته‌ دێرینه‌كان بووه‌. ھەر لە سەردەمی ئاشووری و ئەکەدییەکانەوە، ده‌روازه‌ی شاڕێگه‌ی ھاتووچۆکردن و بازرگانی بووە، ئەوەییە دواتر له‌به‌ر بایه‌خه‌كه‌ی بەدەروازەی خۆڕاسان ناوبراوه‌.

وتیشی: هاوكات خانه‌قی، ڕێڕه‌وێكی گرنگی ئابووری و بازرگانی بووه‌ له‌ كۆن و ئێستاش له‌ چوارچێوه‌ی هه‌وڵی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهاندا چاو له‌سه‌ر پێگه‌ی جوگرافی خانه‌قینه‌، به‌و پێیه‌ی چین و ئێران و وڵاتانی باشووری ئاسیا به‌ ڕێگه‌ی وشكانی به‌ تێپه‌ڕینی به‌ توركیادا ده‌به‌ستێته‌وه‌ به‌ ئه‌وروپاوە.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وتاره‌كه‌یدا، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، باسی له‌ ڕه‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی شاره‌كه‌ كرد و وتی: "خەڵکی ناوچەکە، كه‌ له‌ پێكهاته‌ی جیاجیا و عه‌شیره‌تی دێرینی ناوچه‌كه‌ پێكهاتوون، تێکەڵاوی دیاریان لە گەل خەڵکی شارەکانی قەسری شیرین و سەرپێڵ و دەشتی زەھاو شائاباد و گەیلانی خۆرئاواو ناوچەی داڵاھو و کرماشاندا ھەیەو لەڕووی کولتووریشەوە تێکەڵاون".

وتیشی: " ئه‌مه‌ش ده‌رفه‌تێكی گرنگی ڕه‌خساندووه‌ بۆ وه‌به‌رهێنانی زیاتر له‌ كایه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ی ئایین و مه‌زهه‌ب و كولتوور و نه‌ریتی جیای خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌. به‌و پێیه‌ی له‌ دێرزه‌مانه‌وه‌ هه‌ریه‌ك له‌ عه‌شیره‌ته‌كانی سوره‌میری، باجه‌لان، ده‌لۆ، ئه‌ركه‌وازی، تاڵه‌بانی، جمور، زه‌هاوی، مه‌له‌كشاهی، هه‌مه‌وه‌ند، جاف، شه‌ره‌فبه‌یانی و زه‌ڕگۆش لێره‌ به‌ ئاشتی ده‌ژین".

سه‌باره‌ت به‌ فره‌ی و هه‌مه‌چه‌شنی كولتوری ئایینی باسی له‌وه‌ كرد، كه‌ "پێكهاته‌ ئاینییه‌كه‌ی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، بووه‌ته‌ هه‌وێنی به‌رجه‌سته‌كردنی نموونه‌یه‌كی باڵای پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیانه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ گشتیی، به‌تایبه‌تی كه‌ سوننه‌، شیعه‌، كریستیان، یارسان و جوو به‌شێكی دانه‌بڕاوی پێكهاته‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئایینی مه‌ڵبه‌نده‌كەو به‌یه‌كه‌وه‌ژیاون."

وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان باسی له‌ بایه‌خی زمانی دایكی و شێوه‌زاره‌كانی ناوچه‌كه‌ كرد و له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: "پێویسته‌ ئه‌و ڕاستییه‌ فه‌رامۆش نه‌كرێت، كه‌ مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قی، گه‌نجینه‌یه‌كی گرنگ و پڕبایه‌خی زار و شێوه‌زار و فه‌رهه‌نگی زمانی كوردییه‌. زمانی دایكیی و شێوه‌زاری جیاجیای مه‌ڵبه‌نده‌كه‌ میراتێكی ئه‌ده‌بی ده‌وڵه‌مه‌ندیان بۆ به‌جێ هێشتووین، كه‌ شاكاری گرنگی تێدایه‌ و به‌ درێژایی مێژوو خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ پارێزگاریان له‌ ڕه‌سه‌نایه‌تی مۆركه‌ كوردییه‌كانی كولتوور و فه‌رهه‌نگ و ڕۆشنبیرییان كردووه"‌.

له‌ كۆتایی وتاره‌كه‌یدا، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان به‌ پێویستی زانی دڵسۆزان و ڕۆشنبیرانی خانه‌قین، له‌ خه‌می به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا بن و له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی: "له‌م هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌شدا، كه‌ ناوچه‌كه‌ كاریگه‌ره‌ به‌ گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا پێویسته‌ بۆ پارێزگاری له‌ ناسنامه‌ی شارستانێتی مه‌ڵبه‌نده‌كه‌، هه‌موولایه‌ك دڵسۆزانه‌ ستراتیژێكی نیشتمانیانه‌ و مرۆڤ دۆستانه‌ دابڕێژن بۆ به‌رگرتن له‌ كاریگه‌رییه‌كانی گۆڕانكاری كه‌شوهه‌وا له‌ ناوچه‌كه‌دا و پارێزگاری له‌ سامانی ژینگه‌یی ناوچه‌كه بکرێت، چونكه‌ خانه‌قی یه‌كێكه‌ له‌و ناوچانه‌ی كه‌ زۆر به‌ڕوونی كاریگه‌ری گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وای لێ ده‌ركه‌وتووه‌ و وه‌ك گه‌رمترین ناوچه‌ی جیهان به‌رزترین پله‌ی گه‌رمای تێدا تۆمار كراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌وه‌ ده‌بێت ڕووبه‌ری سه‌وزایی زیاتر بكرێت و پارێزگاری له‌ سامانی ئاوی ناوچه‌كه‌ بكرێت".

هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا، بۆ خانه‌قین، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان سه‌ردانی مۆزه‌خانه‌ی خانه‌قینی كرد و پێشانگه‌یه‌كی هونه‌ری له‌ مۆزه‌خانه‌كه‌ كرده‌وه‌.

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ