مه‌سرور بارزانى: ئه‌و هێرشانه‌ى ده‌کرێنه‌ سه‌ر هه‌رێم هه‌وڵى دوژمن و خائینانه‌ بۆ نه‌هێشتنى قه‌واره‌ى هه‌رێم

26.01.2024
جەماوەر نیوز
په‌یامێک له‌ سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌

ئه‌و هێرش و په‌لاماره‌ هه‌مه‌جۆرانه‌ى ده‌کرێنه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، هه‌وڵى دوژمن و نه‌یار و خائینانه‌ بۆ نه‌هێشتنى قه‌واره‌ى هه‌رێم و پێیان وایه‌ به‌م هێرش و فشاره‌ به‌رده‌وامانه‌، کوردستان هه‌ره‌س ده‌هێنێت.
خه‌ڵکى تێکۆشه‌ر و نیشتمانپه‌روه‌ر و حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان، ئیراده‌یان زۆر له‌وه‌ به‌هێزتره‌ که‌ به‌ پیلان و سته‌مکارى بشکێن، به‌ڵکوو وره‌مان به‌هێزتر ده‌بێت و له‌ ئه‌نجامدا، ته‌نیا شکست و ڕووڕه‌شى بۆ دوژمن وخائینان ده‌مێنێته‌وه‌.
سوپاسى هاوخه‌مى و هه‌ڵوێستى وڵاتانى دۆست ده‌که‌ین، که‌ به‌رده‌وام ئه‌م هێرشانه‌یان شه‌رمه‌زار کردووه‌، به‌ڵام به‌ لێدوان و شه‌رمه‌زارکردن، کۆتایى به‌م پیلان و هێرشه‌ ناڕه‌وایانه‌ نایه‌ت و ڕێگرى له‌ دووباره‌بوونه‌وه‌یان ناکات.
گرنگه‌ هه‌نگاوى کردارى له‌لایه‌ن حکومه‌تى عێراقه‌وه‌ بنرێت بۆ کۆتاییهێنان به‌ مه‌ترسیى ئه‌م گرووپه‌ له‌یاساده‌رچووانه‌ و ده‌بێ ئاسایشى هه‌موو عێراق، به‌ هه‌رێمى کوردستانیشه‌وه‌ بپارێزرێت.
داوا له‌ وڵاتانى دۆستیش ده‌که‌ین، که‌ ڕێکارى جدى بگرنه‌به‌ر و هاوکاریى مه‌یدانیمان بکه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى ئاسایشى خه‌ڵکى ئێمه‌ و ئاسایشى ئابوورى و سه‌قامگیریى سیاسى له‌ هه‌رێمى کوردستان پارێزراو بێت.
داوا له‌ خه‌ڵکى کوردستانیش ده‌که‌م، به‌ خۆڕاگرى و وره‌یه‌کى به‌رزه‌وه‌، ڕووبه‌ڕووى ئه‌و پیلانانه‌ ببنه‌وه‌ و هه‌ستى نیشتمانپه‌روه‌رییان هه‌ر به‌هێز بێت و ڕێگه‌ به‌ خۆفروش و خاکفرۆش و کۆیله‌ى ناحه‌زان نه‌ده‌ن، کوردستان و خه‌بات و ده‌ستکه‌وته‌کانی، بکه‌نه‌ قوربانیى ترسنۆکى و ته‌ماعى و بێویژدانیى خۆیان.
داواکارم خواى گه‌وره‌، هێزى زیاترمان پێ ببه‌خشێت، تاکوو به‌رده‌وام بین له‌ درێژه‌دان به‌ ڕێبازى پیرۆزى کوردایه‌تى و وه‌فادارى بۆ خوێنى شه‌هیدان و پشت و په‌نامان بێت به‌ره‌و سه‌رکه‌وتن.

مه‌سرور بارزانی
سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان
2024/1/26