رونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازیه‌وه‌

11.02.2024
جەماوەر نیوز
رونکردنه‌وه‌یه‌ک له‌وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازیه‌وه‌ بۆ ڕاى گشتى 
له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانتارێک و چه‌ند په‌یج و ئه‌کاونتێک هه‌واڵێک بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ بۆ به‌ لاڕێدا بردنى ڕاى گشتى که‌ گوایه‌ پاره‌ى سه‌به‌ته‌ى خۆراک {بایعی} ده‌خورێت. 
بۆیه‌ به‌پێویستى ده‌زانین ئه‌م ڕوونکردنه‌وه‌یه‌ بڵاو بکه‌یه‌نه‌وه‌:
یه‌که‌م : به‌ ڕه‌زامه‌ندى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى کوردستان له‌ڕێکه‌وتى { ٢٠٢٢/١٠/٢٣ } ڕێککه‌وتنێک له‌نێوان وه‌زاره‌تى بازرگانى حکومه‌تى عێراقى فیدراڵ و وه‌زاره‌تى بازرگانى و پیشه‌سازى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان واژۆ کرا که‌ له‌و ڕێکه‌وته‌ به‌ دواوه‌ ته‌واوى داهاتى کۆمپانیاى گشتى بازرگانى خۆراک و کۆمپانیاى گشتى دروستکراوى دانه‌وێڵه‌ {داهاتى سه‌به‌ته‌ى خۆراک} درایه‌وه‌ به‌ وه‌زاره‌تى بازرگانى عێراقى فیدراڵ له‌ به‌رامبه‌ردا وه‌زاره‌تى بازرگانى حکومه‌تى فیدراڵ ته‌واوى خه‌رجى گواستنه‌وه‌ و بارکردن و داگرتنى خۆراک و ئارد تا ده‌گاته‌ بریکاره‌کان له‌ ته‌واوى شار و شارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستان له‌گه‌ڵ خه‌رجى نۆژه‌نکردنه‌وه‌ و پاداشتى فه‌رمانبه‌ران و دابینکردنى پێداویستى فه‌رمانگه‌کانمان بگرێته‌ ئه‌ستۆ هاوشێوه‌ى فه‌رمانگه‌ و فه‌رمانبه‌رانى وه‌زاره‌تى بازرگانى حکومه‌تى فیدراڵ له‌ ته‌واوى پارێزگاکانى عێراق .
دووه‌م: مانگانه‌ سێ ملیار و سێ ملیۆن و چل و هه‌شت هه‌زار دینار وه‌ک داهاتى سه‌به‌ته‌ى خۆراک ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر حسابى وه‌زاره‌تى بازرگانى حکومه‌تى فیدراڵ، وه‌زاره‌تى ناوبرایش به‌م شێوه‌یه‌ به‌ پێى ڕێنماییه‌کانیان خه‌رجى ده‌کاته‌وه‌ :- 
 • بڕى یه‌ک ملیار و سێ سه‌د و په‌نجا ملیۆن دینار بۆ گواستنه‌وه‌ و داگرتن و بارکردنى خۆراک له‌ کۆگاکانمان بۆ بریکاره‌کان له‌ شار و شارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستان خه‌رج ده‌کرێت.
 • بڕى یه‌ک ملیار دینار بۆ گواستنه‌وه‌ و داگرتن و بارکردنى ئارد بۆ بریکاره‌کانمان له‌ شارو شارۆچکه‌کانى هه‌رێمى کوردستان خه‌رج ده‌کرێت.
 • پاداشتى فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى بازرگانى که‌لوپه‌لى خۆراک{بایعی} له‌ هه‌رێمى کورستان که‌ {٣٧١} فه‌رمانبه‌رن بڕى دوو سه‌د و هه‌شتا ملیۆن دینار وه‌رده‌گرن.
 • پاداشتى فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى ڕێکخستنى پسوله‌ى خۆراک له‌ هه‌رێمى کورستان که‌ {٢٤١} فه‌رمانبه‌رن بڕى شه‌ست ملیۆن و دوو سه‌د و په‌نجا هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن.
 • پاداشتى فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى بازرگانى دانه‌وێڵه‌{سایلۆکان} که‌ {٣٥٦} فه‌رمانبه‌رن بڕى نه‌ود و نۆ ملیۆن و شه‌ش سه‌د و هه‌شتا هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن.
 • پاداشتى فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى دروستکراوى دانه‌وێڵه‌{ئاشه‌کان} که‌ {١٩٦} فه‌رمانبه‌رن له‌ هه‌رێمى کوردستان بڕى بیست و نۆ ملیۆن و چوار سه‌د هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن. 
 • پاداشتى فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى چاودێرى بازرگانى  له‌ هه‌رێمى کورستان که‌ {٣١٠} فه‌رمانبه‌رن بڕى حه‌فتاو حه‌وت ملیۆن و پێنج سه‌د هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن. 
 • پاداشتى فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى بازرگانى   که‌ {٨٥} فه‌رمانبه‌رن بڕى بیست و سێ ملیۆن و پێنج سه‌د و حه‌فتاو پێنج هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن
 • پاداشتى فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى پلاندانان و به‌دواداچون که‌ {٨٥} فه‌رمانبه‌رن بڕى دوانزه‌ ملیۆن و شه‌ست و دوو هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن. .  
 • پاداشتى فه‌رمانبه‌رانى به‌ڕێوبه‌رایه‌تى گشتى دیوان که‌ {١٦٥} فه‌رمانبه‌رن بڕى سى و دوو ملیۆن و دوسه‌د و بیست و پێنج هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن.
 • پاداشتى نوسینگه‌ى جه‌نابى وه‌زیر و بریکاره‌کان و ڕاوێژکاران و به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌کان و یاریده‌ده‌رى به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتیه‌کان بڕى پانزه‌ ملیۆن و هه‌شت سه‌د هه‌زار دینار وه‌رده‌گرن. 
 • ته‌واوى خه‌رجکردنى پاداشته‌کان له‌گه‌ڵ دابه‌شکردنى سه‌به‌ته‌ى خۆراکدایه‌ له‌ ته‌واوى عێراقدا. . که‌ تا ئێستا ١٠ سه‌به‌ته‌ دابه‌ش کراوه‌ و له‌ هه‌رێمى کوردستان ته‌نها هه‌شت به‌ش دابه‌شکراوه‌.
سێهه‌م: له‌به‌ر گرنگى و هه‌ستیارى بابه‌ته‌که‌ به‌ ژیانى هاوڵاتیانه‌وه‌ و بۆ ده‌رخستنى ڕاستیه‌کان لیژنه‌یه‌کى به‌دواداچون بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ سه‌رۆکایه‌تى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێکهێنراوه‌.
چواره‌م: به‌ مافى خۆمانى ده‌زانین داواى یاسایى له‌سه‌ر ته‌واوى ئه‌و که‌س و لایه‌ن و ڕۆژنامه‌نوس و په‌یجانه‌ تۆمار بکه‌ین که‌ به‌مه‌به‌ست ڕاى گشتییان به‌ لاڕێدا برد و تۆمه‌ت و هه‌واڵى بێ بنه‌مایان له‌ سه‌ر وه‌زاره‌تمان دروست کرد.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ