وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوان "پڕۆژه‌ى وه‌رگێڕان" له‌گه‌ڵ سه‌رۆکایه‌تى زانکۆى سه‌لاحه‌دین تاوتوێ ده‌کات

11.02.2024
جەماوەر نیوز
ئه‌مڕۆ  یه‌کشه‌ممه‌ (11ـى شوباتى 2024)ئاریان سه‌لاحه‌دین، بریکارى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوانى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تى شاندێکى وه‌زاره‌ت به‌ مه‌به‌ستى تاوتوێکردنى چه‌ند پرسێکى په‌یوه‌ست به‌ کارى به‌یه‌که‌وه‌یى و هه‌ماهه‌نگى وه‌زاره‌ت و دامه‌زراوه‌ زانستییه‌کان، سه‌ردانى سه‌رۆکایه‌تى زانکۆى سه‌لاحه‌دینى کرد.
شانده‌که‌ له‌ لایه‌ن "پ.ی.د.کامه‌ران یونس محمدئه‌مین"، سه‌رۆکى زانکۆى سه‌لاحه‌دین و ژماره‌یه‌ک له‌ به‌رپرسانى سه‌رۆکایه‌تى زانکۆ پێشوازى لێکرا.
له‌ ده‌ستپێکى دیداره‌که‌دا، ئاریان سه‌لاحه‌دین، وێڕاى ده‌ربڕینى خۆشحاڵى خۆى به‌ سه‌رکه‌وتن و گه‌شه‌کردنى ناوه‌نده‌ ئه‌کادیمییه‌کانى زانکۆى سه‌لاحه‌دین، جه‌ختى له‌سه‌ر گرنگى به‌یه‌که‌وه‌ کارکردن و هه‌ماهه‌نگى زیاترى وه‌زاره‌ت و ناوه‌نده‌ زانستییه‌کانى کوردستان به‌ تایبه‌تى زانکۆى سه‌لاحه‌دین کرده‌وه‌.
له‌و باره‌یه‌وه‌، "پ.ی.د.کامه‌ران یونس محمدئه‌مین"، سه‌رۆکى زانکۆى سه‌لاحه‌دین، وێڕاى خۆشحاڵى به‌ سه‌ردانى بریکارى وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوان، دووپاتیکرده‌وه‌، زانکۆى سه‌لاحه‌دین، وه‌ک ناوه‌ندێکى زانستیى و سه‌رمایه‌یه‌کى نیشتمانیى له‌ خه‌مى پێشخستنى تواناى مرۆیى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستانیى و هه‌ماهه‌نگى زیاتره‌ بۆ پێشخستنى کایه‌ جیاجیاکانى ژیان و کارى به‌یه‌که‌وه‌ییه‌ بۆ سه‌رکه‌وتنى پڕۆژه‌ نیشتمانییه‌کان.
دواتر بۆ تاوتوێکردنى چه‌ند پرسێکى په‌یوه‌ست به‌ کایه‌ى ڕۆشنبیرى و پته‌وکردنى هه‌ماهه‌نگى هه‌ردوولا، کۆبوونه‌وه‌ى کار به‌ڕێوه‌چوو.
له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا، هه‌ریه‌ک له‌ "پ.د.حسێن سه‌عدی" یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى کارگێڕێ و دارایى و "پ.ی.د.شه‌ریف مه‌ولود شه‌ریف "، یاریده‌ده‌رى سه‌رۆکى زانکۆ بۆ کاروبارى زانستى و خوێندنى باڵا و " پ.د.هیمداد عه‌بدولقه‌هار" سه‌رنووسه‌رى گۆڤارى زانکۆ ئاماده‌بوون.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، گفتوگۆ له‌ باره‌ى کارى به‌یه‌که‌وه‌یى نێوان وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوان بۆ سه‌رخستن و بره‌ودان به‌ پڕۆژه‌ى "وه‌رگێڕان" له‌ زمانى کوردییه‌وه‌ بۆ زمانه‌ زیندووه‌کانى جیهان کرا و له‌و باره‌یه‌وه‌ بڕیارى پێویست دران.
پڕۆژه‌ى وه‌رگێڕان، یه‌کێکه‌ له‌ پڕۆژه‌ فه‌رهه‌نگییه‌کانى کابینه‌ى نۆیه‌مى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان و له‌ ژێر چاودێرى مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆکى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستاندا به‌ مه‌به‌ستى ناساندنى مێژوو، فه‌رهه‌نگ، کولتوور و هونه‌رى کوردى به‌ گه‌لانى جیهان، له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێت.
له‌ چوارچێوه‌ى پڕۆژه‌که‌دا ده‌یان سه‌رچاوه‌ى گرنگ له‌ بواره‌ جیاجیاکانى ڕۆشنبیری، کولتوور و فه‌رهه‌نگى کۆمه‌ڵگه‌ى کوردستان وه‌رده‌گێڕدرێنه‌ سه‌ر زمانه‌ جیهانییه‌کان و بڵاوده‌کرێنه‌وه‌.
له‌ به‌شێکى دیکه‌ى کۆبوونه‌وه‌که‌دا تاوتوێى کارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگى زیاترى نێوان وه‌زاره‌تى ڕۆشنبیرى و لاوان و سه‌رۆکایه‌تى زانکۆى سه‌لاحه‌دین کرا، چه‌ندین ڕاسپارده‌ى زانستى خرانه‌ڕوو و بڕیارى پێویستیان له‌باره‌وه‌ درا.


زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ