جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ ۲۷ی شوباتی ۲٠۲٤ بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود، بە یاوەری شاندێک سەردانی مەڵبەندی قەڵادزێی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کرد و لە لایەن هەڤاڵ محەمەد مەحمود بەرپرسی مەڵبەندی و جێگر و ژمارەیەک لە ئەندامانی مەڵبەند بە گەرمی پێشوازی کران.
لە کۆبوونەوەکەدا بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود تیشکی خستە سەر بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەو بەتایبەت ئەو پێشهاتانەی ئێستا لە ئارادایە، بڕیارەکانی دادگاکەی بەغدادی لەسەر موچەو بودجەو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بە هەوڵ و مەرام بۆ لەچوارچێوەدان و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی سیاسی هەرێم و دژی دیموکراتی و مافی کەمایەتییەکان و دەزگاکانی هەرێم کوردستان وێناکرد.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا دەربارەی پرۆسەی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حزب بە ئامانجی زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان، سەرۆکی حزب هەڤاڵانی مەڵبەندی ڕاسپارد بەوپەڕی دڵسۆزی و لەخۆبردوییەوە هەوڵەکانیان لەو پێناوە چڕ بکەنەوە.
لە تەوەرێکی تردا، جەخت لە ڕوئیاو و سیاسەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان پەیوەست بە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە کە لەگەڵ سازدانی هەڵبژاردنە لە زوترین کاتدا ئەوەش لەپێناو چاکەی گشتی و پاراستنی قەوارە و دەستکەوتەکانمان.