پێشەوا هەورامانی: هەموو ئامانجمان ئەوەیە مووچەی مووچەخۆران دابین بکەین

16.07.2025
جەماوەر نیوز
ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. وردەکاری ئەو لەیەکترتێگەیشتنە هاوبەشەی کە دوێنێ لە بەغدا تایبەت بە دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندییەکانی هەرێم هاتووەتە ئاراوە، خرایەڕوو و ڕەزامەندی لەسەر درا.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارێكدا ڕایگەیاند: ڕێککەوتنی سەرەتایی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی باشە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنەکە فراوانتر بکەین، هەموو ئامانجمان ئەوەیە مووچەی مووچەخۆران دابین بکەین."
وتیشی، لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا چەندین جار شاندی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری پرسی مووچە و کێشەکان سەردانی بەغدایان کرد و شاندی حکومەتی فیدراڵیش چەندجارێک هاتنە هەولێر، ئەمەش بەمەبەستی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
لەلایەکی دیکە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، "دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، پێشوازیی لەو لەیەکترتێگەیشتنە دەکەین کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە و بڕیار درا بە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی، بڕیاریشە لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت."

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ