دادگای فیدڕاڵیی لەسەر سێ سکاڵای تایبەت بە هەرێم کۆدەبێتەوە

27.07.2025
جەماوەر نیوز
سبەی دووشەممە دادگای فیدڕاڵیی عێراق لەسەر پێنج سکاڵا کۆ دەبێتەوە کە سیانیان تایبەتن بە هەرێمی کوردستان، لەو سێ سکاڵایەش دوو دانەیان فەرمانبەرانی کوردستان دژی سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆماریان کردووە، داوایانکردووە دادگاکە بڕیارێک بدات بۆ دوورخستنەوەی ئەم بابەتە لە کێشە سیاسیی و هونەرییەکان و ناردنی مووچە لەکاتی خۆی و بەبێ دواکەوتن.

دادگای فیدڕاڵی دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی دادگاکە لە 8ی ئەم مانگەوە تا ئێستا، شەش دانیشتنی ئەنجامداوە و 16 سکاڵای تاوتوێ کردووە، لەسەر هیچ کامێکیشیان بڕیاری دەرنەکردووە، زۆرینەیانی بەهۆکاری جیاواز ڕەتکردووەتەوە یان بە پوچەڵی داناون، سکاڵایەکیشی لەگەڵ سکاڵایەکی دیکە یەکخستووە.

بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگای فیدڕاڵی، سبەی دادگاکە لەسەر سێ سکاڵای پەیوەست بە کوردستان کۆ دەبێتەوە، سکاڵای یەکەم و دووەم لەلایەن پێنج فەرمانبەری هەرێمی کوردستانەوە لەسەر سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق تۆمارکراون، لە سکاڵاکەیاندا داوا دەکەن وەزارەتی دارایی عێراق پابەند بکرێت بە ناردنی مووچەی مانگانە لە کاتی خۆی و بەبێ دواکەوتن بۆ ئەو مەبەستەش داوای فەرمانسالارییەک دەکەن تا یەکلاییکردنەوەی ئەو سکاڵایە.

ئەو فەرمانبەرانە داواش دەکەن دادگای فیدڕاڵی بڕیارێک دەربکات و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە ململانێ سیاسییەکان و ئەوەی لە بودجەدا پێی دەڵێن خەرجی کرداری (واتە ئینفاقی فیعلی) دووربخرێتەوە، تا چیتر وەزارەتی دارایی عێراق بەپاساوی نەمانی پشکی کوردستان لە بودجە، بڕیاری ڕاگرتنی مووچە دەرنەکات. 

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ