سلێمانی؛ ژمارەیەک گەشتیار به‌تۆمه‌تی دزینی زێڕ ده‌ستگیركران

27.07.2025
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ژمارەیەك گەشتیار دەستگیر دەكات كە لە دوكانی زێرینگەرەكان دزیانكردوە.
لە راگەیەنراوێكدا پۆلیسی سلێمانی بڵاویكردوەتەوە، دوای ئەوەی چەند خاوەن دوكانێكی زێرینگەر لەنوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان سكاڵایان تۆماركرد كە دزیانلێكراوە، بە بڕیاری دادوەر هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەو بەدواچونەكانیان دەستپێكرد.
ئاماژەشیكردوە، دوای بەدواداچونەكان توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوەو لەلایەن مەفرەزەكانی نوسینگەی ناوبازاڕی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان بەهاوكاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی دوكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیان دەستگیر بكرێن، دەستیش گیرا بەسەر بڕێك لەو ئاڵتونەی كە تۆمەتباران دزی بویان لەگەڵ ئۆتۆمبێلێك كە پێیانبوە.
پۆلیسی سلێمانی زانیاری زیاتری بڵاوكردوەتەوەو ئاماژەی بەوەكردوە، تۆمەتبارەكان بە نەتەوە عەرەبن چەند رۆژێكە وەك گەشتیار هاتونەتە هاوینەهەواری دوكان و لەوێ ماونەتەوە، رۆژانە هاتونەتە ناو بازاڕی شاری سلێمانی و بەبیانوی كڕینی ئاڵتون چونەتە چەند دوكانێكی زێرینگەریی و لەكاتی سەرقاڵبونی خاوەن دوكانەكاندا ئاڵتونیان دزیوە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ