رێبەر ئەحمەد: هێرشکارەکان دەناسین و دەشزانین درۆنەکان لە کوێ دروست کراون

03.08.2025
جەماوەر نیوز
وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەبارەی هێرشە درۆنییەکان وتی، ''لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە و لە کارەکانی بەردەوامە، بۆ ئەوەی روونبکرێتەوە ئەو درۆنانە سەر بە کامە گرووپن.'' 

رێبەر ئەحمەد گوتیشی، ''بۆ ئێمە و دامەزراوە حکومییەکانی حکومەتی فیدراڵی دیارە کە ئەو گرووپ و لایەنانە کێن کە لەم جۆرە درۆنانەیان هەیە و پێشتریش ئاراستەی هەرێمی کوردستانیان کردووە.''

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان وتیشی، ''تەنانەت ئێمە دەزانین درۆنەکان لە کوێ دروستکراون، چۆن ئاراستەکراون و ئامانجەکانیان چی بوون.''

سەبارەت بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان رێبەر ئەحمەد گوتی: "چاوەڕوانین لیژنە هاوبەشەکە بگاتە راپۆرتێکی دادپەروەرانە و ئەنجامەکەی رابگەیێنێت، دوای ئەو قۆناخە، پێویستە ئەو لایەن و کەسانەی کە لەپشت هێرشەکان بوون، سزا بدرێن.''

هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێ، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ