یه‌كێتی زانایان: بەوپەڕی شایستەیی یادی له‌ دایكبونی پێغەمبەر بكرێته‌وه‌ و شتی ناڕێک نەکرێت

03.09.2025
جەماوەر نیوز
ه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان له‌ په‌یامێكدا به‌بۆنه‌ی ساڵیادی لەدایکبونی  محەمەد پێغەمبەری ئیسلام (د. خ) پێغەمبەری ئیسلام، ڕایگه‌یاند، داوا ده‌كات بەوپەڕی شایستەیی و رێزو رێکوپێکی ئەم یادە بەرز رابگیرێت و شتی نارێک و نادروست و نەگونجاوی تێکەڵ نەکرێت، ده‌شڵێت، "تکامان وایە لایەنەکان ئەم بۆنەیە بە دەرفەت بزانن بۆ ئاوەڕدانەوەی پتر لە خەڵک و یەکهەڵوێستی و تەبایی و چەسپاندنی ئاشتی".

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "بە بۆنەی هاتنەوەی لەدایکبونی پێغەمبەری پێشەوا حەزرەتی محمد (درودی خوای لەسەر بێت) پیرۆزبایی لە موسڵمانان به‌گشتی‌و كوردستانیان به‌ تایبه‌تی و زانایانی ئایینی ده‌كه‌ین، ئەم یادەو هاتنە دونیای پێغەمبەر وەرچەرخانێکی مەزنی مێژوی مرۆڤایەتی و مایەی خۆشحاڵی گەورەی جیهانی ئیسلامیە".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌م یاده‌ ساڵانە کاریگەری زۆری لەنێو موسڵمانان هەیە، بەتایبەت لای گەلی کورد کە پتر لە 800 ساڵە لەسەر دەستی زانایان ئەم بۆنەیە جێگەی رێزگرتن و بەرز راگرتن بوە، بۆیە له‌گه‌ڵ هاتنه‌وه‌ی ئه‌م مانگه‌ خه‌ڵك وەک دەربڕینی وەفاو خۆشەویستی به‌جۆش‌و خرۆشه‌وه پێشوازی ئەم یادە دەکەن".

له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، "تەئکید لە پێویستی پابەندی بە ڕێ و رێبازی ئەم زاتە مەزنە لە چوارچێوەی تێگەیشتنی دروست و زانستی دەکەینەوە، کە خوای گەورە وەک رەحمەت بۆ تێکڕای جیهان رەوانەی کردوە، پەیام و فەرمایشتەکانی بنەماو رێسای گرنگی ژیان و خواناسی و دینداری و مرۆڤدۆستی و لێبوردەیی".

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ده‌ڵێت، "داوا دەکەین بەوپەڕی شایستەیی و رێزو رێکوپێکی ئەم یادە بەرز رابگیرێت و شتی نارێک و نادروست و نەگونجاوی تێکەڵ نەکرێت، بە گرنگی دەزانین ئەم بۆنەیە نەکرێتە ئامڕازی یەکترشکاندن و ناکۆکی و زەقکردنەوەی دوبەرەکی و ناوزڕاندن و ناتەبایی، لە هەرێمی کوردستان ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەکێتی زانایان حوکمی ئەم بۆنەیەی یەکلایی و رونکردوه‌تەوە".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، "تکامان وایە لایەنەکان ئەم بۆنەیە بە دەرفەت بزانن بۆ ئاوەڕدانەوەی پتر لە خەڵک و یەکهەڵوێستی و تەبایی و چەسپاندنی ئاشتی و دادپەروەری و پاراستنی رەسەنایەتی و بەها ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیەکان".

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ