کارەبای دوو قەزا و چوار ناحیەی سنووری سلێمانی دەبێتە 24 کاتژمێری

04.09.2025
جەماوەر نیوز
لە چوارچێوەی پرۆژەی 'ڕووناکی'، ئەمڕۆ کارەبای دوو قەزا و چوار ناحیەی سنووری سلێمانی، بووە 24 کاتژمێری.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کارەبای سلێمانی، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی پرۆژەی 'ڕووناکی'، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی ئەیلوولی 2025، تەواوی هاوبەشانی کارەبا لە سنووری قەزای چوارتا و ناحیەکانی سیتەک، زەلان، باسنێ و گوندەکانی دەوروبەریان، هەروەها قەزای ماوەت، ناحیەی گاپیڵۆن و گوندەکانی دەوروبەریان کارەبایان بووە 24 کاتژمێری.
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت: ژمارەی هاوبەشانی کارەبای ئەو دوو قەزا و چوار ناحیەی سنووری سلێمانی، زیاتر لە 22 هەزار هاوبەشە.
پێنجشەممەی ڕابردووش، کارەبای قەزای قەرەداغ و گوندەکانی دەوروبەری، ناحیەی عەرەبەت و گوندەکانی دەوروبەری، ناحیەی بەرزنجە و گوندەکانی دەوروبەریشیان بوو بە 24 کاتژمێری.
بە گوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کارەبای سلێمانی، بە گشتی لە پارێزگاکە 372 هەزار هاوبەشی کارەبا و یەک ملیۆن و 500 هەزار هاوڵاتی سوودمەند بوون لە پرۆژەی 'ڕووناکی' و کارەبایان بووە بە 24 کاتژمێری. هەروەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی 602 موەلیدە کوژێنراونەتەوە.
پرۆژەی ڕووناکی، پرۆژەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، هاووڵاتییان سوودمەند دەبن لە کارەبای بەردەوام و مانگانە یەک پسوولەیان دەبێت کە بڕەکەی بە گوێرەی بەکارهێنان دیاریی دەکرێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ