شوان کەلاری: ئەم هەفتەیەش كۆبوونەوەكانی شاندی دانوستاندنكاری هەولێر و بەغدا بەردەوام دەبن

06.09.2025
جەماوەر نیوز
دوای ئەوەی كۆتایی هەفتەی ڕابردوو نەگەیشتنە ڕێككەوتن سەبارەت بە ناردنی بڕی پارەی داهاتی نانەوتی و دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان، وا بڕیارە ئەم هەفتەیەش كۆبوونەوەكانی شاندی دانوستاندكاری هەولێر و بەغدا بەردەوام بن.

 بەهۆی ڕێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا، تاوەكوو ئێستا چارەنووسی مووچەی مانگەكانی حەوت و هەشت و دواتر نادیارە، بەپێی زانیارییەكان ئەگەر ئەم هەفتەیە هەردوولا لەسەر پرسی داهاتی نانەتی و هەناردەكردنی نەوت بگەنە ڕێككەوتن چارەنووسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان یەكلا دەبێتەوە.

شوان كەلاری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاڤا میدیای ڕاگەیاند: هەرچەندە پێنجشەممە شاندی دانوستاندنكاری هەولێر و بەغدا، لە شاری بەغدا كۆبوونەوە و نەگەیشتنە ڕێككەوتن، بەڵام كۆبوونەوەكان كۆتاییان نەهاتووە و ئەم هەفتەیەش چەند كۆبوونەوەیەكی دیكە لەنێوان شاندی باڵای هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ بەڕێوەدەچێت.

ئەو پەرلەمانتارە وتیشی: ڕاستە لە كۆتا كۆبوونەوەیان شاندی هەولێر و بەغدا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن بەڵام بۆچوونی هەردوولا سەبارەت بە یاسای كارگێڕیی دارایی خراوەتە ڕوو و زۆر دوور نین لەیەكتر و لەسەر زۆر خاڵیش لەیەك نزیكن و هاوبۆچوونن، وا بڕیارە سبەی و دووسبەی كۆبوونەوەكانی نێوان دەستپێبكەنەوە بۆ ئەوەی بگەن بە چارەسەری كۆتایی.

 ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بە ئەوەش دا كە تەوەری گفتوگۆكان زیاتر داهاتی نانەوتییە  بەڵام داواكاریی كۆمپانیاكانی نەوتیش بەشێكە لە گفتوگۆكان و كۆمپانیاكان داوای گەرەنتی دەكەن كە ئەمەش تاوەكوو ئێستا بەربەستە لەبەردەم دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان.

شوان كەلاری ڕوونیشی كردەوە كە دەبێت بۆ سێشەممە كە وا بڕیارە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوە بچێت، شاندی دانوستاندنكار ڕاپۆرتیان ئامادە بێت و بخرێتە بەردەم سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی لەسەر بكرێـت و بخرێتە دەنگدانەوە و بڕیاری كۆتایی لێبدرێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ