وەزیرى سامانە سروشتییەکان: لە دۆسییەى هەناردەکردنەوەى نەوتدا کێشەى گەورە نەماوە

09.09.2025
جەماوەر نیوز
کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر دۆسیەی نەوت، رەزامەندیى دەربڕیوە، کە گرەنتیى دابینکردنى شایستەى کۆمپانیا نەوتییەکان بکرێت. سۆمۆ بە پێویستیشی زانیوە لەکاتى دروستبوونى کێشەدا کۆمپانیاکان بگەڕێنەوە بۆ یاسا عێراقییەکان، بەڵام کۆمپانیاکان داوادەکەن بگەڕێنەوە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان و بۆ ئەوەش داوایەکیان پێشکەشی بەغداد کردووە و چاوەڕوانی وەڵامی بەغداد دەکەن.
لەو بارەیەوە کەمال محەمەد وەزیرى سامانەسروشتییەکان بەوەکالەت رایگەیاند، لێکتێگەیشتنى زۆرباش لەسەر هەناردەکردنى نەوت دروستبووە و لەپاش زیادکردنى تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت لەلایەن بەغداد، کۆمپانیاکان و وەزارەتى نەوت و وەزارەتى سامانەسروشتییەکان رێککەوتوون کۆمپانیاى ود مەکەنزى بەریتانى خەمڵاندن بۆ تێچووى بەرهەمهێنانى نەوت لەهەرێمى کوردستان بکات.
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت: لە 11ی ئابەوە رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە
وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت گوتیشى، لە رۆژى 11 ئاب رێککەوتن لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوت کراوە و کۆمپانیاکان داواى گرەنتى دابینکردنى شایستەکانیان دەکەن و حکومەتى فیدراڵ پێشتر دەیگوت پێویستە هەرێمى کوردستان ئەو گرەنتییە بکات، بەڵام ئێستا وەزارەتى نەوت رەزامەندیی نیشانداوە کە کۆمپانیاى سۆمۆ ئەو گرەنتییە بکات.
وەزارەتی نەوت داوا دەکات لە کاتی دروستبوونی کێشە بگەڕێنەوە بۆ یاسا عێراقییەکان
لە بەشێکی قسەکانیدا کەمال محەمەد گوتی، 29ئاب دەقى رێککەوتنێک نێردراوە هەرسێلا رەزامەندن، تەنیا یەک بڕگەى هەیە لەکاتى دروستبوونى کێشە وەزارەتى نەوت دەڵێت پێویستە لەکاتى دروستبوونى کێشە بگەڕێنەوە بۆ یاسا عێراقییەکان بەڵام کۆمپانیاکان داوادەکەن بگەڕێنەوە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکان و لە 2ى ئەم مانگەوە حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەم داواکارییەى بۆ بەغداد ناردووە و چاوەڕوانى وەڵامن.
لە کۆتایی گوتەکانیدا وەزیرى سامانەسروشتییەکان جەختدەکاتەوە، گرفتێکى ئەوتۆ لەبەردەم هەناردەکردنەوەى نەوت نەماوە،دەڵێت، ئێستا بەرهەمهێنانى نەوت 230 تاوەکو 240هەزار بەرمیلە و پێش هێرشە درونییەکان بەرهەمهێنان گەیشتبووە 280 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ