بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا: زیاتر لە 3 هەزار مۆلیدە کوژێنراونەتەوە

14.09.2025
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی پڕۆژەی رووناکییەوە 4 ملیۆن هاووڵاتی سوودمەند بوون و زیاتر لە 3 هەزار مۆلیدە کوژاونەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ساڵانەی 600 هەزار تۆن دووانەئۆکسیدی کاربۆن و پاکبوونەوەی ژینگە.
فارس میرخان، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پڕۆژەی رووناکی کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرکەوتوویی بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 4 ملیۆن هاووڵاتی لێی سوودمەند بوون.
فارس میرخان گوتی: "بەهۆی ئەم پڕۆژەیەوە، لە ئێستادا ناوەندەکانی هەموو پارێزگاکانی هەرێم بوونەتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری. تەنانەت پارێزگای هەڵەبجەش بە تەواوی بووەتە خاوەنی کارەبای 24 کاتژمێری".
بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمهێنانی کارەبا ئاماری مۆلیدە کوژاوەکانیشی خستەڕوو و رایگەیاند: "3 هەزار و 222 مۆلیدەی ئەهلی کوژاونەتەوە، کە 2 هەزار و 197 مۆلیدە لە هەولێر، 604 لە سلێمانی، 356 لە دهۆک و 65 مۆلیدەش لە هەڵەبجە بوون".
ناوبراو کاریگەریی ژینگەیی پڕۆژەکەی روونکردەوە و گوتی: "بە کوژانەوەی ئەم مۆلیدانە، ساڵانە 600 هەزار تۆن لە دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن کەمکراوەتەوە، کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر پاکبوونەوەی ژینگەی هەرێمی کوردستان و تەندروستیی هاووڵاتییان دەبێت".
سەبارەت بە فراوانکردنی پڕۆژەکە بۆ قەزا و ناحیەکان، فارس میرخان رایگەیاند: "ئامادەکارییەکان بە خێرایی بەڕێوەدەچن. لە هەولێر پڕۆژەکە لە بەحرکە و بەشێکی قەزای خەبات دەستی پێ کردووە. بڕیارە تا کۆتاییی مانگی 10ـی ئەمساڵ، 80%ـی پڕۆژەی رووناکی جێبەجێ بکرێت و تا کۆتاییی ساڵی داهاتووش لە سەرجەم قەزا و ناحییەکانی هەرێمی کوردستان تەواو بکرێت".
 

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ