پێشەوا هەورامانی: بەغداد دەبێت مووچەی مووچەخۆران دابینبکات

17.09.2025
جەماوەر نیوز
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە مەرجی ناردنی مووچە نەوت رادەستی عێراق دەکەن.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کۆمپانیاکانی نەوت پەسەندیان کردووە کە لەلایەن دادگاکانی عێراق مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت و مافەکانیان دەستەبەربکرێن، لەکاتێكدا پێشتر داوایان دەکرد لەلایەن دادگاکانی دەرەوە مافەکانیان دەستەبەربکرێت.
هەورامانی ئاشکراشیکرد، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 233 هەزار بەرمیلی رۆژانە و لەو رێژەیەش 50 هەزاری پشکی هەرێمی کوردستانە و بڕی ماوەش دەدرێت بە عێراق.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشکەوتنی باش هەیە لە رێککەوتنی سێ قۆڵیی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقی فیدراڵی و کۆمپانیاکانی نەوت.
باسی لەوەشکرد، هەرێمی کوردستان هیچ پاساوێكی بۆ عێراق لەبارەی پرسی نەوت نەهێشتووەتەوە، هەربۆیە هەرێم ئامادەیە نەوت بدات بە بەغداد و نوسراویش لەوبارەیەوە کراوە، بەڵام چاوەڕوانی وەڵامی عێراقین.
دەشڵێت، لەبەرامبەر پێدانی نەوت، بەغداد دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابینبکات، و مووچەی مانگەکانی حەوت و هەشت خەرجبکات، دواتریش مووچەی مانگەکانی دیکە رەوانەبکات.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ