کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر مووچە و داهاتی نانەوتی بەڕێوەچوو و ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

17.09.2025
جەماوەر نیوز
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە و تێیدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: مافێکی یاسایی و ڕەوای مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە کە مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت.

 ئەمڕۆ چوارشەممە 2025-09-17، بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، دوا پێشهاتەکانی دۆسیەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بابەتی داهاتە نانەوتییەکان، مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تاوتوێکران.

 لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، دووپاتی کردەوە کە "هەرێمی کوردستان هەموو ئەرک و پابەندییە دەستوورییەکانی بە زیادەوە جێبەجێ کردووە، هەموو نەرمییەکی نواندووە بۆ نەهێشتنی هەموو ئەو کێشە و ئاستەنگ و بەربەستانە تەکنیکییانەی کراونەتە بیانوو بۆ نەناردنی مووچە، بۆیە نابێت چیتر ئەم بابەتانە ببنە ڕێگر لەبەردەم خەرجکردنی مووچەی مووچۆخۆرانی هەرێمی کوردستان کە مافێکی یاسایی و ڕەوای خۆیانە مووچەکانیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بنێردرێت".

بەپێی ئەم لێکتێگەیشتنە نوێیە، سەرەڕای پشتگیری لە جێبەجێکردنی بڕیاری پێشووتری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەردوولا، کە تەواوی نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێم ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکات (جگە لە بڕی بەکارهێنانی ناوخۆ)، ئەم قۆناخەش لەسەر واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی سێقۆڵی بۆ هەناردەی نەوت وەستاوە، بەڵام دانووستانەکان بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆیانەو بینیوە، وا چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەو ڕێککەوتننامەیە گەڵاڵە بکرێت.
 "تا کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتننامە سێقۆڵییەکە، هەرێمی کوردستان بەشەنەوتی خۆی ڕادەستی وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ دەکات، بۆ ئەم مەبەستە ئەنجوومەنی وەزیران، وەزیری سامانە سروشتیيەکان و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ڕێکاری پێویست بگرنەبەر و پێویستە حکومەتی فیدڕاڵیش لە بەرانبەردا، پابەندیی خۆی لە ناردنی مووچە دەستبەجێ جێبەجێ بکات."

 سەبارەت بە دۆسیەی داهاتی نانەوتی و بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدراڵ بۆ ناردنی ئەم بابەتە بۆ ئەنجوومەنی دەوڵەت، ئەنجوومەنی وەزیران جەختیکردەوە لەسەر تێڕوانینی دەستووری و یاسایی خۆی لەسەر پۆڵێنکردنی داهاتە نانەوتییەکان و دەستنیشانکردنی بەشی گەنجینەی فیدراڵیی کە پشت بە ماددەکانی (12/دووەم-د) و (21/دووەم) لە یاسای بوودجەی فیدراڵیی و ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی فیدراڵیی و بڕگەی سێیەمی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە 224 لە 2024-02-21 دەبەستێت، کە ئەمانە هەمووی یاسا و بڕیاری فیدراڵیین و بە دەقی ڕوون و ئاشکرا، پۆڵینی داهاتە ناوخۆییەکانی کردووە و بەشی هەر یەک لە گەنجینەی فیدراڵیی و هەرێمیشی دەستنیشانکردووە، وەک لە دوا یاداشتی حکومەتی هەرێمدا هاتووە و بە فەرمی پێشکەش بە حکومەتی فیدراڵ کراوە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ