هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستیپێکردەوە

27.09.2025
جەماوەر نیوز

دوای زیاتر لە دوو ساڵ لە ڕاگرتنی، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستیپێکردەوە، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆش ڕایگەیاند: لەسەرجەم کێڵگەکانی کوردستانەوە گواستنەوەی نەوت دەستیپێکردووە.

هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014ـەوە بۆری نەوتی سەربەخۆی بونیادناوە و نەوتی کێڵگەکانی کوردستانی پێ هەناردە دەکرد، کە لە خورمەڵەوە درێژ دەبێتەوە بۆ فیشخابوو. بەڵام لە ساڵی 2023 هەناردەکردنی نەوت بەو بۆرییە وەستا. ئەمرۆش هەر لە ڕێگەی ئەو بۆرییەوە دووبارە نەوت هەناردە کرایەوە.

 دوای دوو ساڵ و شەش مانگ، کاتژمێر 6ـی بەیانی ڕۆژی شەممە، نەوتی کوردستان لە کێڵگەی خورمەڵەوە هەناردەی فیشخابوور کرا و لەوێوەش هەناردەی بەندەری جەیهان کرا.

 ڕێوڕەسمی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت بە ئامادەبوونی نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و نوێنەری کۆمپانیای سۆمۆ لە فیشخابوو بەڕێوەچوو. 

بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەسەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی کوردستانەوە پڕۆسەی گواستنەوەی نەوت دەستیپێکردووەتەوە و لەوێشەوە هەناردەی بازاڕی نەوتی جیهان دەکرێت، هەر لەچوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕۆژانە 50 هەزار بەرمیل نەوت بۆ بەکاربردنی ناوخۆی بەکاردێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ