مەسرور بارزانی: بەهۆی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆیی ڕووداوەکانی هاتوچۆ 50% کەمیان کردووە

28.09.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دانانی کامێراکانی چاودێری لەسەر شەقامەکان، کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و ژمارەی قوربانیان هەبووە. راشیگەیاند دەستپێشخەریی کۆدەکانی رێبەری سەلامەتی، بنەمایە بۆ پاراستنی ژیانی خەڵک.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-09-2025، وەزارەتی ناوخۆ لە هەولێر، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومی، پڕۆژەی رێبەری سەلامەتی راگەیاند.

مەسرور بارزانی لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە روانگە و ستراتیژیی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاراستەی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان.''

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، ''رێبەرە سەلامەتییەکە دەبێتە بناخە و بنەمایەک بۆ پاراستنی سەلامەتی لە باڵەخانەکان، شوێنەکانی نیشتەجێبوون، کۆگەکان، بەنزینخانەکان و سەرجەم پڕۆژەکان کە هاووڵاتییان مامەڵەی رۆژانەیان لەگەڵ دەکەن.''

ئامانج لە راگەیاندنی کۆدەکانی رێبەری سەلامەتی لە بەرگریی شارستانی، کەمکردنەوەی زیانی گیانی و ماڵیی رووداوە نەخوازراوەکانە کە بەهۆی هەڵەی تەکنیکی، یان پابەندنەبوون بە رێنماییەکان روودەدەن، سەرۆکی حکومەت گوتی: ''پێویستە بەدواداچوونی تەواو بۆ پابەندبوون بە رێبەرەکانی سەلامەتی بکرێت، بۆ ئەوەی بە تەواوی جێبەجێ بکرێن.''

لیژنەیەکی باڵا لە وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتیی کۆدەکانی رێبەری سەلامەتی دەکات کە 05-01-2021 بە فەرمانێکی وەزاری پێکهێنرا و بۆ ئامادەکردن و نووسینی کۆدەکانی سەلامەتی ئەرکردار کرا.

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دانانی کامێراکانی چاودێری بۆ تۆمارکردنی سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی کرد و گوتی، بەهۆی کامێراکانەوە، لە ماوەی یەک ساڵدا رووداوەکانی هاتووچۆ 50٪ کەمیان کردووە. هەروەها ژمارەی گیانلەدەستدان و برینداربوونیش زیاتر لە 60٪ دابەزیوە.

تاوەکو ئەمڕۆ لە رێگە سەرەکییە دوو ئاراستەکانی هەرێمی کوردستان کامێرای تۆمارکردنی سەرپێچی خێرایی و تیژۆڕیی دانراون.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ