نەوزاد شێخ كامیل: ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشكردنی شایستە داراییەكان بەسەر جوتیارانی شاری هەولێر دەستپێدەكات

05.10.2025
جەماوەر نیوز
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری بازرگانیی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا رایگەیاند، ئەمڕۆ پرۆسەی دابەشكردنی شایستە داراییەكان بەسەر جوتیارانی شاری هەولێر دەستپێدەكات و رەنگە  هەر ئەمڕۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی كۆتایی بێت، هەروەها لە پارێزگای دهۆكیش لە چەند رۆژی داهاتوودا پرۆسەكە دەستپێدەكات.
نەوزاد شێخ كامیل باسی لەوەشكرد، ئەم پارەی دابەشدەكرێت بەسەر جوتیاراندا قۆناغی یەكەمی پارەكەی گەنمی جوتیارانە بۆ ئەمساڵ كە بەغدا ناردوویەتی.
لای خۆشیەوە، سایلۆی هەولێر ئاگاداری جوتیارانی كردووەتەوە ئەمڕۆ دابەشكردنی چەكی پارەكانیان دەستپێدەكات و چەكی جوتیاران لە زنجیرە (1) تاوەكو زنجیرەی (150) كە گەنمەكانیان رادەستی سایلۆی هەولێر كردووە، پارەكانیان لە بانكی(TBI) وەردەگرن.
وەك لە ئاگادارییەكەی سایلۆی هەولێر هاتووە، لەم قۆناغەدا ئەو جوتیارانەی گەنمەكانیان لە 50 تۆن بۆ خوارە رادەستی سایلۆ كردووە، دەتوانن سەردانی سایلۆ بكەن بۆ وەرگرتنەوەی چەكی پارە، هەروەها ئەوانەی زیاتر لە 50 تۆن گەنمیان ڕادەستی سایلۆ كردووە، لە گوژمەكانی داهاتووی پارەی گەنم سوودمەند دەبن.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو