لیژنەی ئارامیی سلێمانی، لەبارەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە چەند بڕیارێکی دەرکرد

08.10.2025
جەماوەر نیوز
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی لیژنەی ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ بەڕێوەچوو، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر یاسا و رێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی فیدراڵ و لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان و پارێزگای سلێمانی کرایەوە و لەگەڵ پابەندبوون بە یاسا و رێنمایی و رێکارەکانی پێشوو، ئەم رێنماییانەش پەسەندکران بەمەبەستی بەڕێوەچوونی بانگەشەیەکی ئارام و هاوسەنگ و هەڵبژاردنێکی دروست و تیوار.
کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ بەسەرۆکایەتیی پارێزگاری سلێمانی لە رۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2025دا بڕیاریدا بە:
پێویستە هەموو فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ئەندامانی لیژنەی باڵای ئارامیی پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پابەندی تەواوی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنووسی پەسەندکراوی لیژنەی باڵای ئارامیی هەرێمی کوردستان بن بۆ هەڵبژاردن.
. پێویستە هەموو کاندید و لیست و قەوارە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، پابەندی تەواوی یاسا و بڕیار و رێنمایی و راسپاردەکانی خاڵی 1ی ئەم نووسراوەبن.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکان بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، رێنمایی پێویست بۆ هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەردەکات، هەر کاندید و لیست و قەوارەیەک سەرپێچیی ئەو رێنماییانە بکات، لەلایەن سەرۆکی یەکە کارگێڕی و بەتایبەتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی شارەکانەوە (غەرامە) دەکرێن.
. 4 کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و ئۆفیسەکانیان لە پارێزگەکاندا سزای یاسایی و غەرامەی دارایی هەر کاندیدێک دەکەن، کە دامەزراوە حکومی و ئایینیەکان بۆ بانگەشە بەکاربهێنن، یان کەلوپەل و کەرەستەی دامەزراوە حکومییەکان بەکاربهێنن.
 وێنەگرتنی کارتی دەنگدان و بردنە ژوورەوەی مۆبایل و هەر هۆکارێکی وێنەگرتن بۆ ناو ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیشدا بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
 لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بنکەی چاودێریکردنی بانگەشە لە سۆشیاڵ میدیاکاندا دیاریکراوە و سەرپێچیکار بەپێی رێنماییەکانیان تاوەکو رادەی دوورخستنەوەی کاندیدەکان لە کاندیدبوون دەڕوات، بۆیە پێویستە هەموولایەک پابەندی رێنماییەکان بن.
 هیچ کەس و دامەزراوەیەک لە رۆژی دەنگدانی تایبەت و گشتیدا بەبێ باجی رەسمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق مافی چاودێریکردن و سەردانیکردنی ناوەند و وێستگەکانی دەنگدانی نابێت.
پێویستە چاودێر و راگەیاندنکار و نوێنەری وڵاتان و رێکخراوە ناوخۆیی و دەرەکی و نێودەوڵەتییەکان، باجی رێپێدانی رەسمیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیان هەبێت.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو