دابەشکردنی نەوتی ماڵان دەستپێدەکات

12.10.2025
جەماوەر نیوز
ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، بۆ هەر خێزانیک بەرمیلێک نەوت بە بڕی 104 هەزار دینار دیاریکراوە و ئەوەی حکومەتی هەرێم دەیکات فرۆشتەوەی نەوتە نەک دابەشکردنی نەوت .

کریم عەلی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، لەم چەند ڕۆژە دەست بە دابەشکردنی نەوت دەکرێت و لە ناوچە شاخاوییەکان وساردەکانەوە دەست پێدەکات، بۆ هەر خێزانیک بەرمیلێک نەوت بە بڕی 104 هەزار دینار دەبێت ،ئەمەش دەبێتە بارگرانی بۆسەر ژیان وگوزەرانی هاولاتیان .

ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەتی عیراق بۆ هەر خیزانێک زیاتر لە دو بەرمیل نەوت دەدات بە هاوڵاتیان و نرخی هەر بەرمیلێک 30 هەزار دینارە، بۆیە ئەوەی حکومەتی هەرێم دەیکات دابەشکردنی نەوت نیە بەڵکو فرۆشتنەوەی نەوتە و ئەمە بازرگانیکردنە بەسەر هاوڵاتیان.

ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختی لەوەشکردۆتەوە، لە هەندێک ناوچە هاوڵاتیان پێویستیان بە زیاتر لە چوار بەرمیل نەوت هەیە بۆ خۆ گەرمکردنەوە لە وەرزی زستان بۆیە یەک بەرمیل نەوت پێداویستییەکانیان پڕ ناکاتەوە.

دەربارەی نرخی سوتەمەنی وتیشی، دوای رادەستکردنی نەوت بە سۆمۆ نرخی سوتەمەنی بەرزبۆوە لە کاتێکدا دەبو نرخەکەی دابەزینی بەخۆیەوە بینیبا ،بۆ ئەمساڵیش پێشبینی دەکەین دوچاری قەیرانی سوتەمەنی ببینەوە و نرخەکان بەزربێتەوە.

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو