شارەوانی سلێمانی لایەن و کاندیدەکان ئاگادار دەکاتەوە

14.10.2025
جەماوەر نیوز

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی ڕایگه‌یاند، با به‌هێزه‌كه‌ی سلێمانی بەشێک لە پۆستەر و لافیتەی داندراوی كاندیدانی بڵاوه‌پێكردوه‌ و ئاگاداری سەرجەم لایەن و قەوارە جیاوازەکان و كاندیده‌كان ده‌كات هەستن بە چاککردنەوەی پۆستەر و فلێکسەکان لەو شوێنانەی بەهۆی ڕەشاباوە کەوتون و زیانیان بەرکەوتوە.

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی له‌ ڕاگه‌یه‌نراوێكدا باسی له‌وه‌كردوه‌، "پاش ئەوەی لە شەوی ڕابردوەوە ڕەشابەیایەکی بەهێز شاری سلێمانی گرتەوە، بەشێک لە پۆستەر و لافیتەی داندراوی بەربژێران بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر شۆستە و شەقامەکان بڵاوبونەتەوە و کەوتون کە ئەوەش بوەتە جێگای مەترسی بۆ پیادەڕۆی هاوڵاتییان و دروستبونی ئاستەنگی هاتوچۆ، هەروەها شێواندنی سیمای شۆستە و شەقامەکان".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، ئاگاداری سەرجەم لایەن و قەوارە جیاوازەکان و بەربژێران بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات کە ئەرکی شارەوانیی و تیمەکانیان نییە کە پۆستەر و فلێکسەکان دەستکاری بکەن و دایان بنێنەوە، بۆیە "داواتان لێدەکەین هەستن بە چاککردنەوەی پۆستەر و فلێکسەکان لەو شوێنانەی بەهۆی ڕەشاباوە کەوتون و زیانیان بەرکەوتوە".

سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی هۆشداری ده‌دات و ده‌ڵێت، "لە ئەگەری بەدەمەوە نەچونی ئەم ئاگادارییە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی لەپێناو پاراستنی گیانی هاوڵاتییان و دروستنەبونی ئاستەنگی هاتوچۆ هەڵدەستێت بە لابردنی سەرجەم ئەو پۆستەر و فلێکسانەی لەسەر شۆستە و شەقامەکان بڵاوبونەتەوە".

بابەتی هاوشێوە

زۆرترین خوێندراو