راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی (سەرکردایەتی) و (ڕاوێژکاری و چاودێری) و بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

17.11.2025
جەماوەر نیوز
راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی هەردوو  ئەنجومەنی (سەرکردایەتی) و (ڕاوێژکاری و چاودێری) و بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

ئەمڕۆ ۱٦ـی تشرینی دووەمی ۲٠۲٥ لە هۆڵی کۆبوونەوەکانی میوانخانەی ئاشتی لە گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزوور، بەمەبەستی هەڵسەنگاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران، بەسەرپەرشتی بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود، سەرۆکی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، کۆبوونەوەی هەردوو ئەنجومەنی (سەرکردایەتی) و (ڕاوێژکاری و چاودێری) و بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکان بەڕێوەچوو.

بەپێی بەرنامەی کار، سەرەتای کۆبوونەوەکە بەساتێک وەستان بۆ ڕێزلێنان لە گیانی پاکی شەهیدانی حزب و گەل دەستیپێکرد، دواتر بەڕێز محەمەد حاجی مەحمود، باسی لە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و لێکەوتەکانی کرد، بەتایبەت بۆ حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان کە نەیتوانیوە دەنگی پێویست بۆ مسۆگەرکردنی کورسی بەدەستبهێنێت و ئەنجامەکانی بە شکست بۆ حزب و گشت هەڤاڵان ئەژمارکرد، ئەوە لەکاتێکدایە حزبی سۆسیالست خاوەن مێژوویەکی دوور و درێژە لە خەبات و تێکۆشان و زیاتر لە ٤٥٠٠ شەهیدی بەخشیوە لەپێناو ئازادی ئەم خاکەدا، بۆیە هەڤاڵانی ڕاسپارد لێکۆڵینەوەی ورد بکرێت لە هۆکاری کەمبوونەوەی دەنگەکانی حزب و لێپرسینەوە   . ئەو هەڤاڵانە بدرێت کە کەمتەرخەم بوون و وەک پێویست ئەرکەکانیان ڕانەپەڕاندووە و بەشێک بوون لە هۆکارەکان.

لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، بڕیاردرا بە گۆڕانکاری لە دەزگا و ئۆرگانەکانی حزب و داڕاشتنەوەی پەیکەری ڕێکخستنی مەکتەب و مەڵبەندەکان لەسەر تەرزێکی نوێ کە بگونجێت لەگەڵ دۆخ و قۆناغەکەدا.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، تەئکید لە سیاسەتی نەگۆڕی حزب پەیوەست بە بنەما دیموکراسی و نەتەوەیی و نیشتمانییەکان کرایەوە و ڕاگەیەندرا، کە پێویستە بۆ پاراستنی فرەیی حزبی و مافی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکان و بەفیڕۆنەدانی دەنگەکانی کورد، بۆلەمەودوا کۆتایی بە سیستمی سانتلیگۆ بهێنرێت و لەبەرامبەردا سیستمی یەکبازنەیی لە هەڵبژاردنەکان پیادەبکرێت ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی و بەرقەراربوونی ئاشتی و ئاسایش لە وڵاتەکەدا.

راگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەی هەردوو  ئەنجومەنی (سەرکردایەتی) و (ڕاوێژکاری و چاودێری) و بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکانی حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
۱٦ـی تشرینی دووەمی ۲٠۲٥

بابەتی هاوشێوە