ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ: زێڕ ساڵێکی نایابـی بەڕێکرد و 50 جار ریکۆردی شکاند

05.12.2025
جەماوەر نیوز

ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێ، ساڵی 2025 ساڵێکی "نایاب و مێژوویی" بوو بۆ زێڕ، بە جۆرێک کانزاکە زیاتر لە 60% نرخەکەی بەرزبووەوە و زیاتر لە 50 جاریش بەرزترین ئاستی مێژوویی تۆمارکرد.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەم ئاستە بەرزەی زێڕ بەهۆی کۆمەڵێک هۆکارەوە بووە، لەوانە زیادبوونی ناسەقامگیریی جیۆسیاسی و ئابووری، لاوازبوونی نرخی دۆلاری ئەمریکی و ئەو تەوژمە ئەرێنییەی لەسەر نرخەکەی دروستبوو. 

هەروەها وەبەرهێنەران و بانکە ناوەندییەکان بۆ جۆراوجۆرکردنی سەرمایەکانیان و دۆزینەوەی سەقامگیری، روویان لە کڕینی زێڕ کردووە، بەو جۆرەش تەنیا ئەم ساڵ 1562 دۆلار بەرزبووەتەوە.

کاتێک لە 2ـی کانوونی دووەم بازاڕەکان بۆ یەکەم رۆژ لە 2025 کرانەوە، ئۆنسەیەک زێڕ بە 2658 دۆلار بوو. ئێستا بە 4220 دۆلارە.

پێشبینییەکان بۆ ساڵی 2026
ئەنجوومەنی جیهانیی زێڕ ئاماژە بەوە دەکات، نرخی زێڕ بۆ ساڵی 2026 بەستراوەتەوە بە بەردەوامیی ناسەقامگیرییە سیاسی و ئابوورییەکان. نرخی ئێستای زێڕ تا رادەیەک رەنگدانەوەی پێشبینییە ئابوورییەکانە و ئەگەر دۆخی ئێستا وەک خۆی بمێنێتەوە، رەنگە نرخ لە بازنەیەکی دیاریکراودا بخولێتەوە.

راپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، ساڵی 2026ـیش ئەگەری هەیە هاوشێوەی ئەم ساڵ "سوپرایز"ـی بۆ نرخی زێڕ پێبێت و سێ سیناریۆی سەرەکی خستووەتەڕوو:
• بەرزبوونەوەی مامناوەند: ئەگەر گەشەی ئابووری خاوبێتەوە و رێژەی سوود زیاتر دابەزێ، زێڕ بەرزبوونەوەی مامناوەند بەخۆیەوە دەبینێت.
• بەرزبوونەوەی بەهێز: لە ئەگەری پاشەکشەیەکی تووندی ئابووری و زیادبوونی مەترسییە جیهانییەکان، زێڕ بە بەهێزی دەمێنێتەوە و نرخەکەی روو لە بەرزبوونەوەی زیاتر دەکات.
• دابەزینی نرخ: ئەگەر سیاسەتەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرکەوتوو بن لە خێراکردنی گەشەی ئابووری و کەمکردنەوەی مەترسییە جیۆسیاسییەکان، ئەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی سوود و بەهێزبوونی دۆلار، ئەمەش نرخی زێڕ دادەبەزێنێت.
ئەنجوومەنەکە ئاماژە بەوە دەکات، فاکتەرەکانی وەک خواستی بانکە ناوەندییەکان و پرۆسەی ریسایکلینی زێڕ کاریگەرییان لەسەر بازاڕ دەبێ، بەڵام گرنگترین خاڵ ئەوەیە کە زێڕ وەک هۆکارێک بۆ فرەچەشنکردنی و سەرچاوەی سەقامگیری لەنێو بازاڕە ناجێگیرەکاندا دەمێنێتەوە


بابەتی هاوشێوە