UN سەتان کەس لە ماوەی ئەم ساڵەدا لە سووریا کوژراون؛ عەلەوی و کریستیانەکانیش کراونەتە ئامانج

05.12.2025
جەماوەر نیوز
دوای نزیکەی ساڵێک لە رووخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسەنگاندنێکی رەخنەگرانەی بۆ دۆخی سووریا خستەڕوو. نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی کوژرانی "سەتان" کەس، پێشێلکاریی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ و بەئامانجگرتنی پێکهاتەکانی وەک عەلەوی، دروز و کریستیانەکان دەردەبڕێ.

رۆژی هەینی 5ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە جنێڤ، سەیمین خیتان، گوتەبێژی نووسینگەی کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هەرچەندە حکومەتی کاتیی سووریا هەنگاوی ئەرێنی ناوە، بەڵام دۆخی مافەکانی مرۆڤ هێشتا جێگەی نیگەرانییە.
هەنگاوە هاندەرەکان و هەوڵە سەرەتاییەکان
گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە هەندێک هەنگاوی ئەرێنیی حکومەتی سووریا کرد و گوتی: "دەسەڵاتدارە کاتییەکان کۆمیسیۆنی نیشتمانییان بۆ دادپەروەریی راگوزەر و کەسانی بێسەروشوێن دامەزراندووە؛ هەروەها دەستەی لێکۆڵینەوەیان لە تووندوتیژییەکانی ناوچە کەناراوییەکان و سوەیدا پێکهێناوە و رەشنووسی یاسای دادپەروەریی راگوزەریان راگەیاندووە."

سەیمین خیتان گوتیشی: "هەرچەندە دەسەڵاتە کاتییەکان هەنگاوی هاندەرانەیان ناوە بۆ چارەسەرکردنی پێشێلکارییەکانی رابردوو، بەڵام ئەم هەنگاوانە تەنیا سەرەتایەکن بۆ ئەو کارانەی کە پێویستە بکرێن."
پێشێلکاریی بەردەوام و کوژرانی سەتان کەس
سەرەڕای هەنگاوە ئەرێنییەکان، راپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان وێنەیەکی تاریکی دۆخەکە پیشان دەدات. خیتان گوتی: "ئێمە بەردەوامین لە بینینی هەواڵ لەبارەی کوشتنی بەکۆمەڵ، کوشتنی هەڕەمەکی و رفاندن کە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەندامانی هەندێک کۆمەڵگەی دیاریکراو و ئەو کەسانە دەکاتە ئامانج کە پەیوەندییان بە حکومەتی پێشووەوە هەبووە یان تۆمەتبارن."
"سەدان کەس لەدوای رووخانی رژێمی پێشووەوە کوژراون، لەوانە بە چەک، چەقۆ و بەرد، هەروەها بەهۆی بۆردوومان و نارنجۆک. ئەم کوشتنانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دەسەڵاتی کاتی، گرووپەکانی نزیکی، لایەنە پەیوەندیدارەکان بە حکومەتی پێشوو، گرووپە چەکدارە نێوخۆییەکان و چەکدارە نەناسراوەکانەوە کراون."
نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی بەئامانجگرتنی سیستماتیکی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەدات و دەڵێت: "لە زۆرێک لەم دۆخانەدا تووندوتیژییەکان بە شێوەیەکی سەرەکی کاریگەرییان لەسەر هەندێک کۆمەڵگەی دیاریکراو هەبووە، لەوانە عەلەوی، دروز، کریستیان و دەشتەکییەکان. ئەم دۆخە بەهۆی زیادبوونی گوتاری رق و کینەوە خراپتر بووە، چ ل ئینتەرنێت و چ لە شەقامەکان."
ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل و تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکان
گوتەبێژەکە ئاماژەی بەوەش کرد کە پار سووریا "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی بەردەوامی ئیسرائیل"ـی بەخۆیەوە بینیوە، "لەوانە چوونەژوورەوە و داگیرکردنی خاکی زیاتر. راپۆرتمان پێگەیشتووە لەبارەی قوربانیی سڤیل و دەستگیرکردن و پشکنینی ماڵان."
هاوکات، رەخنەی لە پرۆسەی تێکەڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی پێشوو بۆ ناو هێزە ئەمنییە نوێیەکان  گرتووە و بە پرۆسەیەکی "پەلە و بێ وردبینیی پێویست لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ" وەسفی کردووە کە مەترسیی ئەوەی هەیە بکەرانی پێشێلکارییە گەورەکان بچنە ناو ریزەکانی هێزە ئەمنییەکانەوە.
نووسینگەی کۆمیساری باڵای مافەکانی مرۆڤ داوای کردووە "هەموو پێشێلکارییەکانی رابردوو و ئێستا بە شێوەیەکی سەربەخۆ، ورد و شەفاف لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێ و ئەوانەی بەرپرسن لێپرسینەوەیان لێبکرێ."

خیتان گوتی: "لێپرسینەوە، دادپەروەری، ئاشتی و ئاسایش بۆ هەموو سووریاییەکان مەرجی یەکەمە بۆ پرۆسەیەکی راگوزەریی سەرکەوتوو.

بابەتی هاوشێوە