داهاتی ئاو لە بابل 75% کەمبووەتەوە؛ "جووتیاران کۆچ دەکەن"

06.12.2025
جەماوەر نیوز
پارێزگای بابل لە باشووری بەغدا رووبەڕووی قەیرانێکی سەختی کەمئاوی بووەتەوە، بە جۆرێک داهاتی ئاو لە رووباری فوراتەوە بە رێژەی 75% دابەزیوە. ئەم دۆخە وای کردووە بەشێکی زۆری جووتیاران ناوچەکانیان جێبهێڵن.

عێراق بەدەست کەمترین ئاستی ئاوەوە دەناڵێنێت لە 80 ساڵی رابردوودا و هۆکارەکەشی بۆ وشکەساڵی، کەمبارانی و کەمبوونەوەی بەردانەوەی ئاو لە لایەن تورکیا و ئێرانەوە دەگەڕێتەوە.

دۆخەکە لە قەزای قاسمی پارێزگای بابل زۆر سەختە. محەممەد زەغیەر، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، ئەمڕۆ شەممە 6-12-2025 راگەیاند: "نزیکەی 30%ی دانیشتووانی گوند و ناوچە کشتوکاڵییەکان روویان لە سەنتەری شارەکان کردووە، چونکە سەرچاوەی بژێوییان نەماوە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە 3 ساڵە بە تانکەر ئاو دەکڕن.

موسەننا وەتەیفی، بەڕێوەبەری سەرچاوەکانی ئاوی بابل، ئەمڕۆ شەممە 6-12-2025 راگەیاند، داهاتی ئاو بە رێژەی 75% کەمبووەتەوە. 

ئەو بەرپرسە رایگەیاند، بەنداوی حیللە کە بەپێی دیزاین دەبێ 220 مەتر سێجا ئاوی تێدا بێ، تەنیا 60 مەتر سێجای تێدایە.

موسەننا وەتەیفی گوتی، ئاوی بەردەست تەنیا بۆ خواردنەوە تەرخان کراوە، بەڵام دانی بەوەدا نا کە بەهۆی نزمیی ئاستی ئاوەکەوە ئەو گوندانەی دەکەونە کۆتایی رووبارەکانەوە ئاویان پێ ناگات

بابەتی هاوشێوە