ئاڵای کوردستان

06.12.2025
جەماوەر نیوز
ئاڵای کوردستان
جگە لەشکۆو ڕەمزی نەتەوەیی کورد، ئاڵایەکی دانپێدانراوی دەستوریی عێراقەو دەبێت وەکو ئاڵایەکی فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت

دوای سەردانەکەی بەڕێز مەسعود بارزانی بۆ شرناخ بەمەبەستی بەشداریکردن لەسیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی مەلای جزیری و دەرکەوتنی پاسەوانەکانی بەچەک و پۆشاکی فەرمییەوە، کە ئاڵای کوردستانی لەسەر جێگیرکراوە، کاردانەوەی جۆراوجۆری لێکەوتەوە، ئێمە لەپارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئەم چەند خاڵە دەخەینەڕوو:
١. لەڕووی سیاسی و نەتەوەیی و کەلتوری و فەرهەنگی و ئەدەبییەوە سەردانەکە سەردانێکی گرنگ و مێژووییە.
٢. بابەتی سەردانەکەو گرنگیدان بەفەرهەنگ و ئەدەبی کوردی و بەشداریکردنی کوردانی باشوور تیایدا مەغزاو دەرئەنجامی کەلتوری و فەرهەنگی گەورەی هەیە.
٣. چوونی پێشمەرگەی کوردستان بەچەکەوە بۆ وڵاتی تورکیا بۆ جاری دووەم، ڕووداوێکی گەورەو گرنگی مێژووییە، جارێکیان بەڕەزامەندی و پشتیوانی ئەمریکاو هێزە هاوپەیمانەکان بۆ پاڵپشتی و پشتیوانی ڕۆژئاواو  پارێزگاریکردنی کۆبانێ، کە دڵی هەموو کوردێکی لەدنیادا خۆشکردو دەرئەنجامی باشی هەبوو. جارێکی تریان بۆ بەشداری لەسیمپۆزیۆمی مەلای جزیری و خزمەتی مێژوو و  فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی،ئەمەش ڕووداوێکی گرنگ و کاریگەرەو چاوەڕێ دەکەین دەرئەنجامێکی گەورەی فەرهەنگی و نەتەوەیی هەبێت.
٤. پێشوازیکردنی گەرم و بەجۆشی کوردانی باکور بۆ بەشداریکردنەکە، جێگەی دڵخۆشی و گەشەی بیری نەتەوەیی و ئاسۆیەکی گەشە بۆ ئایندەی هاوبیریی و هاوئاهەنگی لەنێوان کورداندا.
٥. توڕەبوون و ناڕەزایەتی دەسەڵاتدارانی تورکیا، ڕشدنەبوون و نەبوونی ئیرادەیەکی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورکیا دەردەخات لەپرۆسەی ئاشتی لەو وڵاتەدا، بەتایبەت لەلایەن خودی دەوڵەت باخچەلییەوە، کە وەک خاوەن و هەڵسوڕێنەری پرۆسەی ئاشتیی دادەنرێت لەتورکیادا.
٦.  ئەم نیگەرانییە نیگەرانییەکی ناڕەوایە، چونکە ئاڵای کوردستان جگە لەوەی ڕەمزو شکۆی نەتەوەیی کوردە، ئاڵایەکی دانپێدانراوی دەستورییەو دەبێت وەکو هەموو ئاڵا دەستورییەکانی تر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.

                    د.فەرهاد تۆفیق. 
وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

بابەتی هاوشێوە