سەرۆکی شارەوانیی تاسڵوجە: هەر زێدەڕۆییەک هەبێت دەیڕووخێنین

06.12.2025
جەماوەر نیوز
ژمارەیەک هاونیشتمانی لە ناحیەی تاسڵوجەی سەر بە پارێزگای سلێمانی  باس لەوە دەکەن، شەقامێکی 30 مەتری لە ناحیەکەیان هەیە، بەڵام هاونیشتمانییەک کە باخەکەی لەسەر ئەو شەقامەیە، زێدەڕۆیی کردووە و بەهۆی دروستکردنی شۆستە و "کربستۆن"ـەوە شەقامەکەی بەرتەسک کردووەتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لایەنە پەیوەندیدارەکانی شارەوانیی تاسڵوجە ئاگاداری خاوەن باخەکەیان کردووەتەوە و چەند رۆژێک مۆڵەتیان پێداوە، ئەگەر تاوەکو ئەو وادەیە چارەسەری نەکات، شارەوانی زێدەڕۆییەکەی لادەبات.

لەوبارەیەوە هاوکار زاهیر، سەرۆکی شارەوانیی تاسڵوجە  رایگەیاند: "ئەو شەقامە هێشتا نەکراوەتە دووساید و ئێستا کەمتر لە 7 مەتری قیر کراوە، بەڵام بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە دەکەین، هەر زیدەڕۆییەک هەبێت رێکاری یاسایی و کارگێڕی بەرامبەر دەگرینەبەر."

سەرۆکی شارەوانیی تاسڵوجە جەختی لەوە کردەوە کە لە شارەوانی بەشی زێدەڕۆییان هەیە و هەر کەسێک بچووکترین زێدەڕۆیی بکاتە سەر موڵکی گشتی، بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەکەن. هاوکار زاهیر گوتی: "زێدەڕۆیی لە کەس قبووڵ ناکەین و هیچ زێدەڕۆییەک لە شۆفڵەکانمان پارێزراو نابێت."

لەبارەی رێکاری سکاڵاکردنیش، هاوکار زاهیر گوتی، هاونیشتمانییان هەر گلەییەکیان هەبێت لەسەر زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی، دەتوانن راستەوخۆ ئاگاداریان بکەنەوە، یان دەتوانن لە دادگە سکاڵا لەسەر زێدەڕۆیی تۆمار بکەن.

بابەتی هاوشێوە