تورکیا کارگەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی لە پاکستان دەكاتەوە

06.12.2025
جەماوەر نیوز

توركیا بە نیازە كە كارگەیەكی بەستنەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی لە پاکستان بكاتەوە و بۆ ئەو مەبەستە دانوساتەكانی لەگەڵ ئیسلام ئاباد دەسپێكردوە. ئەو هەنگاوەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەنقەرە دێت بۆ بەهێزکردنی پیشەسازییە بەرگرییەکانی لە بازاڕەکانی دەرەوەدا، بەتایبەتی لەگەڵ زیادبونی خێرای هەناردە بەرگرییەکانی.
بەگوێرەی ئاژانسی بلومبێرگ، ئامانجی پڕۆژەکە هەناردەکردنی پارچە سەرەکییەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکییە بۆ پاکستان تاوەکو لەو دامەزراوە نوێیەدا بە شێوەی ناوخۆیی کۆبکرێنەوە (تەجمیع). راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە دانوستانەکان سەبارەت بەم پڕۆژەیە، کە لە مانگی (تشرینی یەكەم/10)ـی ڕابردوەوە دەستیپێکردوە، لە تەواوبون نزیک بوەتەوە.
تورکیا و پاکستان پەیوەندییەکی سەربازیی پتەو و دێرینیان هەیە، جگە لە پڕۆژەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، تورکیا لە ئێستادا خەریکی دروستکردنی کەشتی جەنگیە بۆ هێزی دەریایی پاکستان. ئەو فراوانبونەش لە كاتێكدایە كە پاکستان هەوڵدەدات هێزی ئاسمانی خۆی پەرەپێبدات و فڕۆکەکانی F-16 نوێ بکاتەوە، هەروەها ئارەزوی خۆشی بۆ بەدەستهێنانی فڕۆکەی جەنگی تورکی جۆری "KAAN" دەربڕیوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتەكە، هەناردەی كەرەستەی جەنگی تورکیا لە ماوەی یانزە مانگی یەکەمی ئەمساڵدا بە ڕێژەی 30% بەرزبوەتەوە و گەیشتوەتە حەوت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار. تورکیا پلانی هەیە هەناردەی چەک بۆ وڵاتانی دیکەی وەک سعودیە و سوریا زیاد بکات، هەروەها پێشتر فڕۆکەی جەنگی "KAAN"ی بە ئەندەنوسیا فرۆشتوە.
دانوستانەکانی ئێستا لە کاتێکدا بەڕێوەدەچن کە گرژییە هەرێمییەکان روی لە زیادبونە، لەوانە ئاگربەستێک کە دوای پێکدادانێکی چوار ڕۆژە لە نێوان پاکستان و هندستان لە مانگی (ئایار/5)ی ئەمساڵدا ئەنجامدرا، ئەوە جگە لە بەردەوامی گرژییەکان لەگەڵ ئەفغانستان.

بابەتی هاوشێوە