مەرجی سوپا بۆ جووتیارانی کورد: دان بە زێدەڕۆیی دا بنێن، ئینجا دروێنە بکەن

07.12.2025
جەماوەر نیوز
لە گوندی گورزەیی سەر بە ناحیەی پردێ، گرژییەکانی نێوان جووتیارانی کورد و سوپای عێراق سەریهەڵداوەتەوە. سوپا رێگری لە دروێنەی 1400 دۆنم گەنمەشامی دەکات و واژۆکردنی بەڵێننامەیەکی کردووەتە مەرج، کە جووتیاران بە "دەستبەرداربوون لە مافی خاوەندارێتی" دەزانن. بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ دەڵێت، پارێزگاری کەرکووک "شێوازی بەڵێننامەکە دەگۆڕێت."

فیرقەی 8ـی سوپای عێراق، واژۆکردنی بەڵێننامەی دەستهەڵگرتن لە زەوییەکانیان کردووەتە مەرجی دەستپێکردنی دروێنەی گەنمەشامیی 1400 دۆنم زەوی لە گوندی گورزەیی. زەوییەکە دوای راگواستنی کورد لە ناوچەکە لەسەر ناوی کورد لابراوە و پێشکێش بە عەرەبێکی هاوردە بەناوی 'مونیف حەواس' کراوە.

رێگرییەکان دوێنێ شەممە سەریان هەڵدایەوە. ئیبراهیم نەسرەدین، یەکێک لە جووتیارانی گوندەکە بە  هەردی محەممەد: "بەڵێننامەکە پڕ ناکەینەوە، ئەگەر وابکەین، واتا دان بەوەدا دەنێین کە خاوەنی زەوییەکە نین. ئەمە زەوی باوباپیرانمانە و تاپۆی رەشمان هەیە."

جووتیاران دەڵێن، تاپۆکانمان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ساڵانی 1970. سەلمان گورزەیی، موختاری گوندەکەیە، لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، جگە لەوەی بەرهەمی ئەمساڵیان بەهۆی بارانەوە رووبەڕووی لەنێوچوون بووەتەوە، رێگرییان لێدەکرێت زەوییەکانیان بۆ وەرزی نوێی چاندن بکێڵن.

لەبارەی رەتکردنەوەی بەڵێننامەکە، موختاری گورزەیی گوتی، تاپۆیان هەیە و واژۆکردنەکە واتای دەستبەردابوون لە زەوییەکان دێت.

نوێنەرانی جووتیاران بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، ئەمڕۆ یەکشەممە لە گەڵ فەرماندەی فیرقەی هەشتی سوپا کۆبوونەوە.

موتەلیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، لە بەرپرسیار گوتی: "بەڵێننامەیەک ئامادەکرابوو، کە خوێندنمانەوە جێگەی قبووڵ نەبوو. سوپاش ناچار بە واژۆکردنی جووتیارانی نەکرد. سوپا داوایکرد لە رێگەی دادگە چارەی کێشەکە بکرێت و گوتیان، لە سەرووی خۆمانەوە هاتووە و فەرمانە. بۆ چارەسەریی کێشەکە قسەم لەگەڵ پارێزگاری کەرکووک کرد و بە بەردەوامی لەسەر هێلە و رووداوەکانی رۆژم پێ راگەیاند. لە چەند رۆژی داهاتوو پارێزگار لە بەغدا دەگەڕێتەوە و لەگەڵ جووتیاران کۆدەبێتەوە. پارێزگار گوتی، شێوازی بەڵێننامەکە دەگۆڕین و لە جێگەی سوپا خۆم دەستوەردانی دۆخەکە دەکەم و چارەسەری دەکەم

بابەتی هاوشێوە