نێردەی ئەمریکا بۆ عێراق: هیچ وڵاتێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر گرووپە چەکدارەکان رکابەرایەتیی دەوڵەت بکەن

11.12.2025
جەماوەر نیوز
نێردەی تایبەتیی ئەمریکا بۆ عێراق هۆشداری دەداتە سەرکردە سیاسییەکان کە دەبێت بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ لەنێوان "یەکڕیزی و پاشەکشە"دا یەکێکیان هەڵبژێرن، ئەوەش لەکاتێکدایە درێژەکێشانی دانوستاندنەکان مەترسیی قووڵبوونەوەی کێشە ئابوورییەکان و گۆشەگیریی نێودەوڵەتیی لێکەوتووەتەوە.

مارک ساڤایا، دیپلۆماتی عێراقی-ئەمریکی کە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دەستنیشانکراوە، رۆژی پێنجشەممە لە پەیامێکدا هاوکات لەگەڵ هەشتەمین ساڵیادی سەرکەوتن بەسەر داعش، داوای لە لایەنەکان کرد "سەروەریی دەوڵەت بخەنە پێش دەسەڵاتی گرووپە چەکدارەکان".

ساڤایا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "23 ساڵ دوای رووخانی دیکتاتۆریەت، عێراق جارێکی دیکە لەبەردەم ساتێکی یەکلاکەرەوەدایە". هەروەها دەڵێت: "هیچ وڵاتێک سەرکەوتوو نابێت ئەگەر گرووپە چەکدارەکان رکابەرایەتیی دەوڵەت بکەن و دەسەڵاتەکەی لاواز بکەن".

ئەم لێدوانانەی سڤایا لەکاتێکدایە گفتوگۆکان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانیی حکومەت دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانیی 11ـی تشرینی دووەم چەقیون. لەو هەڵبژاردنەدا رێژەی بەشداری 56٪ بوو، کە بەراورد بە 41٪ لە ساڵی 2021 بە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو دادەنرێت، بەڵام هیچ لایەنێک زۆرینەی ره‌های بەدەستنەهێناوە.

بەپێی ئەنجامەکان کە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم لەلایەن دادگەی باڵای فیدراڵییەوە پەسندکران، هاوپەیمانیی ئاوەدانی و گەشەپێدانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە بەدەستهێنانی 46 کورسی لە کۆی 329 کورسی، بووەتە خاوەنی گەورەترین فراکسیۆن.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە هاوپەیمانییەکی پارتەکانی نزیک لە ئێرانە، خۆی وەک رابەری دانوستاندنەکان دەبینێت و دەتوانن سەرەڕای زۆریی کورسییەکانی سوودانی، پەراوێزی بخەن. پێشبینی دەکرێت مامەڵە سیاسییەکان بەپێی سیستمی پشکپشکێنە، چەندین مانگ بخایێنن، هاوشێوەی ئەو چەقبەستووییەی دوای هەڵبژاردنی 2021 کە ساڵێکی خایاند.


بابەتی هاوشێوە