لەكاتی دابەشكردنی هاوكاریەكان لە چەمچەماڵ گرژی دروستبو؛ بریندار هەیە

12.12.2025
جەماوەر نیوز
لەكاتی دابەشكردنی هاوكاریەكان بەسەر هاوڵاتیانی قەزای چەمچەماڵ، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هاوڵاتیان دروستبو، هێزەكانی ئاسایش دەستوەردانیان كرد و لەئەنجامیشدا دو كارمەندی ئاسایش برینداربون كە یەكێكیان برینەكەی سەختە.
بەگوێرەی زانیاریەكان دو رێكخراو كە لە هەولێرەوە سەردانی قەزای چەمچەماڵیان كردبو، هاوكاریەكانیان لە كۆگایەكی نزیك مزگەوتی سالار فەقێ دانابو، بەیانی ئەمڕۆش لەكاتی دابەشكردنی هاوكاریەكان، گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هاوڵاتیان دروستبو كە لەسەرەدا وەستابون بۆ وەرگرتنی هاوكاریەكان.
لەكاتی دروستبونی گرژی و ئاڵۆزیەكان، هێزەكانی ئاسایش كە ئەركی پاراستنی سەر و ماڵی هاوڵاتیانیان لەچەند رۆژی رابردودا پێسپێردراوە، دەستوەردانیان كرد، بەڵام لەناو هاوڵاتیانی ئامادەبوی بەردەم كۆگاكەوە تەقەكراوە و بەوهۆیەوە دو كارمەندی ئاسایش برینداربون، یەكێكیان بەناوی (ئ، س، ح) برینەكەی سەختە و لەئێستادا بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی گواستراوەتەوە.
له‌ئێستادا هێزه‌ ئه‌منیه‌كان كۆنتڕۆڵی دۆخه‌كه‌یان كردوه‌ و گه‌ڕان و به‌دواداچونیش بۆ ده‌ستگیركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ناو هاوڵاتیانه‌وه‌ ته‌قه‌یان كردوه‌ ده‌ستیپێكردوه‌، تا ئێستا هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و روداوه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌

بابەتی هاوشێوە