ئاژانسی ڕۆیتەرز: د. بەرهەم ساڵح نەریتە ئەوروپیەكەی شكاند

12.12.2025
جەماوەر نیوز
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە، د. بەرهەم ساڵح كە پەنابەرێکی پێشوە و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقە، وەک کۆمیسیاری باڵای داهاتوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان (UNHCR) دەستنیشانکرا لەكاتێكدا زۆربەی سەرۆکەکانی پێشوی کۆمیسیۆنەكە ئەوروپی بون. دەشڵیت، "د. بەرهەم ساڵح لە سایەی قەیرانی داراییدا کار لەگەڵ کەرتی تایبەت دەکات و بەڵینی داوە پەنابەران بخاتە چەقی کارەکانیەوە".
ئاژانسی ڕۆیتەزر ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق کە لەژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێندا لە چەوساندنەوە هەڵهاتبو، وەک کۆمیسیاری باڵای داهاتوی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتوەکان دەستنیشانکرا، بەوەش ئەو نەریتەی شکاند کە سەرکردەکانی ئەم ئاژانسە زیاتر لە وڵاتە بەخشەرە گەورەکانی ئەوروپا هەڵدەبژێردران.
ئاماژەی بەوەشكرد، نامەیەکی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێسی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان پشتڕاستی کردەوە کە خولی پێنج ساڵەی د. بەرهەم ساڵح لە 1ی (کانونی دوەم/1)ـی 2026ـەوە دەستپێدەکات، بە مەرجی ئەوەی لەلایەن لیژنەی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانەوە پەسەند بکرێت. ناوبراو شوێنی فیلیپۆ گراندی ئیتاڵی دەگرێتەوە کە لە ساڵی 2016ـەوە سەرۆکایەتی ئاژانسەکەی کردوە. وتەبێژی UNHCR ئامادە نەبو لێدوان بدات، لە کاتێکدا وتەبێژێکی نەتەوە یەکگرتوەکان ڕایگەیاند، "پرۆسەکە بەردەوامە".
بەگوێرەی ڕۆیتەزر، د. بەرهەم ساڵح کە بۆ ڕزگاربون لە دەسەڵاتی سەدام ڕویكردوەتەوە بریتانیا و لەوێ ئەندازیاری خوێندوە، لە ساڵی 2018 تا 2022 وەک سەرۆک کۆماری عێراق خزمەتی کردوە. ئەو لە کاتێکدا پۆستەکە وەردەگرێت کە ئاوارەبونی جیهانی ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردوە - نزیکەی دو هێندەی ئەو ئاستەی کە گراندی تێیدا دەستبەکاربو - ئەوەش لە کاتێکدایە کە کۆمەک داراییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە.
ئەوەشیخستەڕو، بەخشەرە سەرەکییەکانی وەک ویلایەتە یەکگرتوەکان لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا بەخشینەکانیان کەمکردوەتەوە و وڵاتانی دیکەش پارەکانیان بۆ کەرتی بەرگری گواستوەتەوە. د. بەرهەم ساڵح، کە خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراقە، بەڵێنی داوە دڵنیایی بدات لەوەی پەنابەران لەناو ئەوەی پێی دەوت "بازنەی پشتبەستن بە یارمەتییەکان" گیر نەخۆن و دەستیان بە خوێندن و هەلی کار بگات.

بابەتی هاوشێوە