مه‌زڵوم عه‌بدی: هیوادارم به‌ر له‌ چونه‌ نێو ساڵی نوێ مژده‌ی رێككه‌وتن له‌سه‌ر لایه‌نی سه‌ربازی بده‌ینه‌ سورییه‌كان

13.12.2025
جەماوەر نیوز
مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات-هه‌سه‌ده‌، جه‌خت له‌ پابه‌ندبونیان به‌ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه‌ی 10ی ئازار ده‌كاته‌وه‌و ده‌شڵێت، هیوادارم به‌رله‌ چونه‌ نێو ساڵی نوێ‌ مژده‌ی رێككه‌وتن له‌ سه‌ر لایه‌نی سه‌ربازی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق، بده‌ینه‌ سورییه‌كان. ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌دات، هه‌نگاوی دیكه‌ی سیاسی و ئیداری هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ كاتیان پێویسته‌.
ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، مه‌زڵوم عه‌بدی، فه‌رمانده‌ی گشتی هه‌سه‌ده‌، له‌ بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی ئه‌نجومه‌نی سوریای دیموكرات، كه‌ له‌ شاری حه‌سه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چو، وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد.
عه‌بدی وتی، رێككه‌وتنی 10ی ئازار، بناغه‌ی سوریای نوێیه‌. بڕگه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه‌ بڕگه‌ی مێژویین و ده‌بنه‌ بناغه‌ بۆ هێزی سوریا. كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ناوچه‌كه‌ پشتیوانی له‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌كه‌ن. ئێمه‌ وه‌كو هه‌سه‌ده‌ و ئیداره‌ی خۆسه‌ر له‌ هه‌موان زیاتر پابه‌ندین پێوه‌ی چونكه‌ ده‌زانن ئه‌وه‌ بناغه‌ی سوریای نوێیه‌.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، هه‌ندێك هه‌ن نایانه‌وێت بگه‌ین به‌ چاره‌سه‌ر و روبه‌ڕوی ئه‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌بنه‌وه‌ بۆ شكستپێهێنانی، به‌ڵام ئێمه‌ سورین له‌سه‌ر به‌ره‌وپێشچون له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌دا به‌ هاوكاری هاوڕێكانمان له‌ هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی و گه‌لی كورد له‌ پارچه‌كانی دیكه‌ و گه‌لانی ناوچه‌كه‌. ئێمه‌ نه‌مانوتوه‌ ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌ كۆتایی ئه‌مساڵ كۆتایی دێت، وتومانه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین تا سه‌ری ساڵی كۆتایی پێبهێنین و گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ری به‌رده‌وام بین و پێشكه‌وتن له‌ دانوستانه‌كاندا هه‌بێت.
جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پێشكه‌وتن له‌ دانوستانه‌كاندا هه‌یه‌و وڵاتانی دراوسێش بایه‌خ به‌م رێككه‌وتنه‌ ده‌ده‌ن، وڵاتانی دراوسێ وه‌كو پێشو له‌دژمان نین و بونی هه‌سه‌ده‌ پاساو نییه‌ بۆ شه‌ڕ. ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ چاره‌سه‌ر به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ی 10ی ئازار و ده‌مانه‌وێت هه‌موان پاڵپشتی ئه‌م قۆناغه‌ بكه‌ن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، هیوادارم به‌رله‌ چونه‌ نێو ساڵی نوێوه‌ موژده‌ی رێككه‌وتن له‌ سه‌ر بواری سه‌ربازی بده‌ینه‌ سورییه‌كان. وتیشی، هه‌نگاوی دیكه‌ی سیاسی و ئیداری هه‌ن كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كورده‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وانه‌ كاتیان پێویسته‌.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕو، له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پێكهاته‌كانی ناوچه‌كه‌وه‌ له‌نێویاندا ره‌ققه‌، دێره‌زور و حه‌سه‌كه‌، ده‌مانه‌وێت ئایده‌ی ئه‌م ناوچانه‌ به‌ده‌ست خه‌ڵكه‌كه‌یه‌وه‌ بێت. ماقی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌یه‌ خۆیان ئیداره‌ی ناوچه‌كه‌یان بكه‌ن.
هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كرد، به‌پێی رێككه‌وتنی 10ی ئازار زۆر رونه‌ كه‌ ده‌ستور هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌و كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی سوریا مافی خۆیان ده‌بێت له‌ ده‌ستوری نوێدا، ته‌نانه‌ت خواسته‌ ئایینییه‌كانیش نه‌ك ته‌نیا نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، له‌ ده‌ستوردا جێیان ده‌كرێته‌وه‌ و ئه‌مانه‌ش مادده‌یه‌كی سه‌ره‌كین له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌دا.
جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئه‌وانه‌ی شه‌ڕیان ده‌وێت و گوتاری رقوكینه‌ به‌كارده‌هێنین له‌ ئاینده‌دا شكست ده‌هێنن، سورییه‌كان چاره‌سه‌ریان ده‌وێت نه‌ك شه‌ڕ، بۆیه‌ هه‌وڵه‌كانی ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ پوچه‌ڵن.

بابەتی هاوشێوە