وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیارێكی تایبەتی بۆ خەڵكی چەمچەماڵ دەكرد

13.12.2025
جەماوەر نیوز
وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەی زانسیتی حكومەتی هەرێم، بڕیاریدا بە لێخۆشبون لە کرێى خوێندنى بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرا بۆ خوێندکارانى چەمچەماڵ و دەوروبەرى لە سەرجەم زانکۆکان بۆ بڕی ماوەی کرێی خوێندنیان بۆ ساڵی خوێندنی 2025 - 2026 كە خوێندكارانی پارالێل و ئێواران دەگرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە بڵاویكردوە،  لەپێناو بەشداریکردن و هاوخەمی لەگەڵ خەڵکی چەمچەماڵی ئازیز و دەوروبەریدا و بۆ بەدەنگەوە هاتنی خوێندکارەکانیان لەم کارەساتە سروشتیەدا، بە ئیمزاى د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بڕیاردرا بە: لێخۆشبون لە پارەی کرێی خوێندنی خوێندکارانی دانیشتوی قەزای چەمچەماڵ و دەوروبەری.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارەكەی وەزاەرتی خوێندنی باڵا ئەو خوێندكارانە دەگرێتەوە کە بە پارالێل یان خوێندنی ئێواران وەرگیراون لە خوێندنی بەرایی (دبلۆم و بەکالۆریۆس) و خوێندنی باڵا (دبلۆمى باڵا، ماستەر، دکتۆرا)، لە سەرجەم زانکۆکان بۆ بڕی ماوەی کرێی خوێندنیان بۆ ساڵی خوێندنی 2025 - 2026.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، پێویستە خوێندکاران بە دیکۆمێنتى یاسایی بیسەلمێنن کە دانیشتوی قەزای چەمچەماڵن یان ئەو شوێنانەی کە زیانیان بەرکەوتوە بۆ ئەوەى بڕیارى لێخۆشبون لە کرێى خوێندن بیانگرێتەوە.
پاشخانی هەواڵ؛
به‌هۆی لافاوه‌كه‌ی 9ی ئه‌م مانگه‌ی قه‌زای چه‌مچه‌ماڵ زیانی زۆری مادیی به‌ر هاوڵاتیان كه‌وت، به‌جۆرێك دو هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستدا و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربون، جگه‌ له‌وه‌ش به‌پێی خه‌مڵاندنه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانیش زیانه‌ ماددیه‌كان به‌ 14 ملیار دینار دیاریكراون.
هەروەها لە ناوچەی بازیان، ئەندازیارێكی بەڕەچەڵەك عەرەب بەهۆی لافاوەوە خنكا و تاكو ئێستاش تەرمەكەی نەدۆزراوەتەوە. دو منداڵی دیكەش لە شارۆچكەی لەیلان لە كەركوك و كەلار لە گەرمیان بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارین و لافاوەی كە دروستبو، گیانیان لەدەستدا.

بابەتی هاوشێوە