لەبارەی کەشوهەواوە هۆشداریی بە هاووڵاتییان دەدرێت

14.12.2025
جەماوەر نیوز
کەشناسیی عێراق هۆشداریی داوە لە دروستبوونی تەمێکی چڕ لە درێژایی ئەم ماوەیەدا، بە تایبەت لە کاتەکانی شەو و بەیانیاندا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هەربۆیە داوای لە هاووڵاتییان کردوە بە ئاگاییەوە مامەڵە بکەن.

پەیوەست بەو بابەتە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکیدا داوا لەشۆفێران دەکات لەکاتی شەو و بەیانی زودا گرنگی بەبارودۆخی کەشوهەوا بدەن و دەڵێت، زۆربەی كات لەوكاتانەدا تەمومژێكی زۆر دروست دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕوونکردنەوەی زیاتری داوە و داوای لە شۆفێران کردوە، لەکاتی گەشتکردنیان لەنێوان شارەکان و لەسەر ڕێگەوبانەکان و ڕێگەکانی دەرەوە، ڕێوشوێنی خۆپارێزی بگرنەبەر، دووربکەونەوە لەتێپەڕاندنی سنوری دیاریکراوی خێرایی و خێرا لێخوڕین، هەروەها مەودای نێوان ئۆتۆمبێلەکان بپارێزن، لەگەڵ ئەوەشدا لایتی پێشەوەو و دواوە و ئاگادارکردنەوەیان چالاک بکەن و با کار بکات.
هاتوچۆی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، لەئێستادا مەفرەزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گەڕۆک سەرقاڵی بەکارهێنانی فلتەری هاتوچۆن بۆ ڕێنماییکردنی ئۆتۆمبێلەکان و بەیاوەریکردنیان لەسەر ڕێگاکانی دەرەوە بۆ گەیشتن بەسەلامەتی و ڕێگریکردن لەڕوداوی هاتوچۆ بۆ سەلامەتی سەرجەم بەکارهێنەرانی ڕێگاوبان

بابەتی هاوشێوە