دەبێت پەرلەمانی عێراق لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا کۆبێتەوە

15.12.2025
جەماوەر نیوز
دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمان، بەپێی ماددەی ٥٤ی دەستووریی، دەبێت لەماوەی ١٥ ڕۆژدا ئەندامانی پەرلەمانی عێراق یەکەم دانیشتنی خۆیان ساز بکەن.
دوێنێ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی پەسەند کرد کە مانگی ڕابردوو بەڕێوەچوو.
لە ماددەی ٥٤ی دەستووری ئاماژە بەوەکراوە کە سەرۆک کۆمار بە فەرمانێکی کۆماری پەرلەمانی نوێ بانگھێشت دەکات بۆ ئەنجامدانی دانیشتن لە ماوەی پازدە ڕۆژ لە دوای پەسەندکردنی دەرەنجامی ھەڵبژاردنە گشتییەکاندا.
دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام ئەنجامدەدرێت بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و ھەردوو جێگرەکەی، ھەروەھا نابێت زیاتر لە ماوەی دیاریکراو درێژبکرێتەوە.
لە یەکەم دانیشتندا، ئەندامانی نوێ سوێندی یاسایی دەخۆن و یەکەم ڕۆژی خوولی نوێی پەرلەمانی عێراق دەست پێدەکات.
ھەروەھا بەپێی ماددەی ٥٥ی دەستووریی، پەرلەمان لە یەکەم دانیشتنی خۆیدا سەرۆک و دواتر جێگری یەکەم و دووەم ھەڵدەبژێرێت بە زۆرینەی ڕەھای ئەندامانی ئەنجوومەن لە ڕێگای ھەڵبژاردنی نھێنیەوە.
ھاوکات بەپێی ماددەی ٥٦ی دەستووریی، ماوەی خولی ھەڵبژاردنی پەرلەمان چوار ساڵی ڕۆژژمێریی دەبێت، ماوەکە لە یەکەم دانیشتنەوە دەست پێدەکات و بە کۆتایی ھاتنی ساڵی چوارەم کۆتای دێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ خوولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو

بابەتی هاوشێوە