بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

15.12.2025
جەماوەر نیوز
دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەسەد ئێستا خەریکی فێربوونی زمانی رووسییە و دەیەوێ شارەزایی خۆی لە بواری پزیشکیی چاودا بەهێز بکاتەوە، کە پیشەی پێشووی بوو. 
هاوڕێیەکی نزیکی دەڵێ: "ئەو پێویستی بە پارە نییە، بەڵام حەزی لەو پیشەیەیە و رەنگە بیەوێ چارەسەری دەوڵەمەندەکانی رووسیا بکات".
وردەکاریی ژیانی خێزانی ئەسەد لە مۆسکۆ بە گوێرەی گاردیان:
- شوێنی مانەوە: لە گەڕەکی (روبلیۆڤکا)ی مۆسکۆ دەژی کە شوێنی نیشتەجێبوونی دەوڵەمەند و بەرپرسانی باڵایە.
- تەندروستیی ئەسما ئەسەد: هاوژینەکەی دوای وەرگرتنی چارەسەری شێرپەنجە لەژێر چاودێریی رووسەکاندا، دۆخی تەندروستیی باش بووە.
- منداڵەکانیان: ژیانێکی شاهانە دەژین، بەشێکی کات بە کڕینی کەلوپەلی مارکە و گەشتکردن بۆ ئیمارات بەسەردەبەن. زەینی کچیان لە زانکۆیەکی باڵای مۆسکۆ بڕوانامەی بەدەستهێناوە.
ئەسەد لە رووی سیاسییەوە بەتەواوی پەراوێزخراوە. بە گوێرەی گاردیان، ڤلادیمیر پووتین رێگەی پێنادات هیچ چالاکییەکی سیاسی یان میدیایی هەبێت و تەنانەت رێگری لێدەکرێ پەیوەندی بە بەرپرسانی پێشووی حکومەتەکەیەوە بکات.
ئەسەد لە کاتی هەڵاتنیدا لە کانوونی یەکەمی 2024، تەنانەت ماهیری برای و نزیکەکانی ئاگادار نەکردبووەوە و بەتەنیا خۆی و خێزانەکەی لەلایەن سوپای رووسیاوە رزگار کران.

بابەتی هاوشێوە