یه‌كێتی و پارتی نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ رێكه‌وتنێك

16.12.2025
جەماوەر نیوز
كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ی یه‌كێتی و پارتی له‌پیرمام كۆتاییهات و هیچ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی فه‌رمیان نابێت و  گفتوگۆیان له‌باره‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێم كرد، به‌ڵام ته‌نها داواكاریه‌كانیان خسته‌ڕو، له‌سه‌ر هیچ شتێك رێكنه‌كه‌وتون.

به‌وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار بۆ خه‌ندان، كۆبونه‌وه‌كه‌ی هه‌ردو شاندی دانوستانكاری یه‌كێتی و پارتی له‌ پیرمام به‌بێ هیچ ئه‌نجامێك كۆتاییهاتوه‌ و هه‌ردولاش ده‌ڵێن، ئیجابی بوه‌ به‌ڵام رێكه‌وتون كه‌ هیچ راگه‌یه‌ندراوێك بڵاونه‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌شی گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كردوه‌ له‌ناو كۆبونه‌وه‌كه‌دا، پشك و به‌ركه‌وته‌كانیان بوه‌ له‌ كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌ردولا داواكاری و خواسته‌كانی رابردویان له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا خستۆته‌ڕو، به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ هیچ ئه‌نجامێك.

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاشكراشیكرد، هه‌ردو شاندی یه‌كێتی و پارتی له‌باره‌ی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێكه‌وتن، به‌ڵام له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردراوه‌ شه‌ڕی میدیایی نێوان یه‌كێتی و پارتی رابگیرێت،  ئه‌وه‌ی رێكه‌وتنی له‌سه‌ركراوه‌ ته‌نها ئارامكردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و راگرتنی شه‌ڕی میدیایی هه‌ردو حزب بوه‌ و تاوه‌كو چیتر به‌زمانی زبر شه‌ڕی یه‌كتر نه‌كرێت.

 كۆبونه‌وه‌كه‌ش له‌كاتێكدایه‌، دوێنێ دوشەممە لە بازگەی سماقولی رێگری لە لوقمان وەردی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کرا بچێتە شاری هەولێر و لە بازگەكەوە گەڕاندیانەوە، لەلایەكی دیكەوە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر رایگه‌یاند، لە بازگەی سنوری کۆیە ڕێگری لە چەند بەرپرسێکی پارتی و پاسەوانەکانیان کرا کە بەرەو سلێمانی بچن و پێیان وترا کە بەبێ هەماهەنگیی پێشوەختە ناتوانن بچنە سنوری سلێمانی. 

به‌گوێره‌ی زانیاریه‌كانی خه‌ندان، ئێواره‌ی دوێنێ نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵه‌بانی و ده‌رباز كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌سه‌رهێڵ بون بۆ نه‌هێشتنی گرژیه‌كان و ئه‌ئه‌نجامدانی كۆبونه‌وه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ، به‌تایبه‌ت نه‌هێشتنی ئه‌و گرژیانه‌ی له‌ هه‌ردو بازگه‌ی كۆیه‌ و سماقولی رویدا.

بابەتی هاوشێوە