سەبارەت بە كارتی زانیاری هاووڵاتیان و فەرمانبەران ئاگادار دەكرێنەوە

16.12.2025
جەماوەر نیوز
بەڕێوەبەرایەتی نووسینگەکانی زانیاری سەبارەت بە بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ “یەكخستنی كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری” ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و دەڵێت: تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك دەرنەكراوە بۆ ئەوەی كار بە كارتی زانیاری نەكرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی نووسینگەکانی زانیاری سلێمانی، بڵاوی كردەوە: ” ئاگاداری ھاووڵاتییان دەکەینه‌وه‌، ماوەی چەند ڕۆژێکە لە سۆشیال میدیادا دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە لەسەر کارتی زانیاری (نیشتەجێبون) کە کاری پێناکرێت، به‌ڵام تاوەكو ئێستا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان به‌ فه‌رمیی ئاگاداریی هیچ بڕیارێكی له‌و جۆره‌ نیه‌ و ھیچ فەرمانێکیشمان بۆ کار نەکردن بە کارتی زانیاری به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه.”
ڕاشیگەیاندووە، ” ئاگاداری هاووڵاتییانیش ده‌كه‌ینه‌وه‌، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیمانەوە ئیشوکارەکانی ده‌رهێنانی كارتی زانیاری بۆ هاووڵاتییان به‌رده‌وامیان پێ ده‌درێت و تا ئه‌وكاته‌ی به‌ فه‌رمی هه‌ر بڕیارێك له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌رده‌چێت.”
رۆژی یەک شەممە 14ی 12 2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، کۆبوونەوەیەکی سەبارەت بە پڕۆژەی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو و تێکەڵکردنی لەگەڵ کارتی زانیاری ئەنجامدا و بڕیاری یەكخستنی هەردوو كارتەكەی دا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سودانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد: “کۆبوونەوەکە پێداچوونەوەی بە ڕاسپاردەکانی پڕۆژەکە کردووە، کە بریتی بوون لە پەسەندکردنی سیستەمی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو وەک سیستەمی ناوەندی بۆ بەڕێوەبردنی زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتییان، زیادکردنی داتای کارتی نیشتەجێبوون (زانیاری) و بەکارهێنانی کارتی نیشتمانی یەکگرتوو بەبێ پێویستی بە کارتی زانیاری.”

بابەتی هاوشێوە