هادی عامری بڕیارێکی لە بارەی زەویی جووتیارانی کورد لە خورماتوو دەرکرد

16.12.2025
جەماوەر نیوز
وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق بەڕێوەبەرایەتیەکانى لە کەرکووک و دیالەو سەلاحەدین ئاگادار دەکاتەوە کە  گرێبەستى کشتوکاڵى بۆ ئەو زەوییانە نوێ نەکەنەوە، کە یاسای گەڕانەوەى موڵک و ماڵ دەیانگرێتەوە، سەرۆکى لیژنەى مادەى 140یش بە نووسراوێک  ئەو وەزارەتە ئاگادار دەکاتەوە کە خورماتوو دەکەوێتە سنوورى مادەى 140 و زەوییەکانى بە بڕیارى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیی شۆڕش بەناو کراون.

ئەحمەد جومعە، نوێنەری جووتیارانی گوندی تەپەسەوز لە قەزای خورماتوو، زیاتر لە مانگێک لەنێوان قەزاکە و بەغدا لە هاتووچۆ بووە بۆ سۆراخی نووسراوێک کە زەوییە زەوتکراوەکانی بۆ بگەرێنێتەوە.

نووسراوەکە لە 14ى تشرینی یەکەم لە مەهدی جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ کاروباری کارگێڕی نێردراوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ لە کەرکووک، سەڵاحەدین و دیالە، داوایان لێدەکات هەموو ئەو گرێبەستە کشتوکاڵییانە هەڵبوەشێننەوە، کە تایبەتن بەو زەوییانەی بەگوێرەی 12 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش داگیرکراون، کە لە یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵی ساڵی 2025 هەڵوەشێنراونەتەوە.

ئەو بڕیارە تەنیا بۆ پارێزگای سەلاحەدین چارەسەری زیاتر لە 1800 دۆنم زەوی یەکلا دەکاتەوە، کە لەنێوان هاووڵاتییانی کوردی خاوەنی رەسەن و عەرەبی هاوردە لە خورماتوو کێشەی لەسەر بوو.

بڕیارەکە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە، ئەحمەد جومعە "پاساوی جێبەجێنەکردنی ئەوە بووە کە ئەو زەوییانە ناکەونە سنووری مادەی 140، بۆیە نووسراوی دیکە بۆ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 کرا بۆ سەلماندنی ئەوەی زەوییەکان بەگوێرەی ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش داگیرکراون".

وەزارەتی کشتوکاڵ هەمان نووسراوی بۆ لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140 ناردووە، بەگوێرەی نووسراوێک کە دەست رووداو کەوتووە، هادی عامری سەرۆکی لیژنەکە لە 11ى کانوونی یەکەمی 2025 بە وەزارەتی کشتوکاڵی گوتووە: مادەی 140 خورماتوو دەگرێتەوە و زەوییە کشتوکاڵییەکانی بەگوێرەی بڕیاری 369ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە 31ى ئاداری 1975 بەناوکراون.

هەنگاوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ ئامادەکاری جێبەجێکردنی یاسای گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵە، کە تاوەکو ئێستا رێنمایی جێبەجێکردنی بەتەواوی دەرنەکراوە..

عەبدوڵڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک راگەیاند، بەدواداچوونی بۆ ئەو نووسراوە کردووە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی ئەو پارێزگایە و پێیان راگەیاندووە، وەزارەتی کشتوکاڵ داوای بۆچوونی بەڕێوەبەرایەتیی زەوی لە وەزارەتەکە کردووە.

بابەتی هاوشێوە