سودانی:ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان 7 ملیۆن كەسە

16.12.2025
جەماوەر نیوز
سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ساڵی 2004 بودجەی عێراق 24 ملیار دۆلار بووە و ئێستا گەیشتۆتە ئاستێكی زۆر بەرز و دەشڵێت: ژمارەی فەرمانبەران و خانەنشینان 7 ملیۆن كەس زیاترە.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی ڕایگەیاند، بودجەی سێ‌ ساڵەی عێراق بووە هۆی سەقامگیری لە خەرجی و پارەداركردنی پڕۆژەكان، بەڵام پێناچێت لەمەودوا پێویستمان بە بودجەی سێ‌ ساڵە هەبێت.
ڕاشیگەیاندووە، چەندین ئاماژەی گرنگمان داناوە بۆ پێداچوونەوەی بودجە لەكاتی دانانی بودجەی ساڵی 2026 و وتیشی، “ئەگەر سەیر بكەین بودجەی ساڵی 2004 بریتی بووە لە 24 ملیار دۆلار”.
ئاشكراشی كرد، “ژمارەی فەرمانبەرانی عێراق لە ساڵی 2025دا گەیشتۆتە 4 ملیۆن و 550 هەزار كەس و ژمارەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی 2 ملیۆن و 960 هەزار كەس، هەروەها ئەوانەی سوودمەندن لە بەشەخۆراك 43 ملیۆن كەسن و لە بەرامبەریشدا 4 ملیۆن و 500 هەزار كەس ناشایستەن و بەشەخۆراكیشیان پێ‌ دراوە”.
سودانی وتیشی، “زیاتر لە 22 ترلیۆن دینار ساڵانە خەرج كراوە لە بەرهەمهێنانی وزەی كارەبا و بودجەی چاودێری كۆمەڵایەتی گەیشتۆتە 6 ترلیۆن دیناری ساڵانە و 12 ترلیۆن دینار تایبەت كراوە بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان”.
جەختیشی كردۆتەوە، چاكسازی گرنگمان ئەنجام داوە بۆ كەم كردنەوەی خەرجی و بەهەدەردانی دارایی و بە چاوخشاندنەوە بە گرێبەستەكانی كارەبا توانیومانە 43%ی خەرجی پێشوو بگەڕێنینەوە.

بابەتی هاوشێوە