ئۆکرانیا بە ئامانجگرتنی کەشتییەکی جەنگیی ڕوسیا بە درۆن لە دەریای قەزوین ڕادەگەیەنێت

20.12.2025
جەماوەر نیوز

ئۆكرانیا بە ئامانجگرتنی كەشتییەكی جەنگیی ڕوسیا لە دەریایی قەزوین ڕاگەیاند كە هەزار و 800 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئۆکرانیاوە دورە، كە هاوكات بوە لەگەڵ بۆردومانكردنی سەکۆیەکی هەڵکەندنی سەر بە کۆمپانیای "لوک ئۆیڵ"ی تایبەت بە بواری وزە، هەردو هێرشەكەش لە ڕێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە ئەنجامدراوە.
ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا، ئەمڕۆ شەممە لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی "تەلەگرام"ـەوە بڵاویكردەوە، دوای نیوەشەو لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە (درۆن)ـەوە. کەشتییەکی جەنگیی ڕوسیای لە دەریای قەزوین بە ئامانج گرتوە. كە ئەو ناوچەیە زیاتر لە هەزار و 800 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئۆکرانیاوە دورە. 
ئەرکانی گشتی ئاماژەی بەوەشکردوە کە کەشتی "ئۆچۆتنیک" (ڕاوچی) لە کاتی بۆردومانەکەدا لە نزیک سەکۆیەکی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز خەریکی دەوریە بوە و بە ئامانج گیراوە. لەگەڵ ئەوەشدا سەکۆیەکی هەڵکەندنی سەر بە کۆمپانیای "لوک ئۆیڵ"یان بۆردومان کردوە، کە ئەو دامەزراوەیە هاوکاری دابینکردنی پێداویستییەکانی هێزە ڕوسییەکان دەکات.
ئەرکانی گشتی لە بڵاوکراوەکەیدا زیادیشی کردوە، "هێزەکانی بەرگری بەردەوام دەبن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکان بۆ لاوازکردنی توانای هێرشبەری داگیرکەران و ناچارکردنی فیدراسیۆنی ڕوسیا بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییە سەربازییەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا."
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە کۆتایی مانگی ڕابردودا سزای بەسەر کۆمپانیای "لوک ئۆیڵ" و کۆمپانیای "ڕۆسنەفت"دا سەپاند، کە گەورەترین کۆمپانیای نەوتی ڕوسیایە. واشنتن ڕایگەیاند کە سزاکان لە ئەنجامی "پاپەند نەبونی جددی (مۆسکۆ) بە پرۆسەی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئۆکرانیا" هاتون.

بابەتی هاوشێوە