وه‌زاره‌تی به‌رگری روسیا: هه‌مو دامه‌زراوه‌كانی ئۆكرانیا ده‌كه‌ینه‌ ئامانجی شه‌ڕ

08.01.2026
جەماوەر نیوز

ماریا زاخارۆڤا، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان و دامه‌زراوه‌كان له‌ ئۆكرانیا به‌ ئامانجی شه‌ڕی شه‌رعی بۆ هێزه‌كانی ڕوسیا هه‌ژمار ده‌كرێن.

ماریا زاخارۆڤا له‌ لێدوانێكدا رایگه‌یاند، پلانه‌كانی ژماره‌یه‌ك وڵاتی ڕۆژئاوایی بۆ زیاتر پشتیوانیكردنی ئۆكرانیا ده‌ركه‌وتون و به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی زۆریشیان له‌به‌رده‌ستدایه‌ كه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌نامانه‌ ده‌ریده‌خه‌ن له‌گه‌ڵ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئاشتیانه‌دا نین، ئامانجی به‌دیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی هه‌میشه‌ییان نییه‌، به‌ڵكو زیاتر درێژه‌دان به‌ پشتیوانی و په‌ره‌سه‌ندنی ململانێكه‌ ئامانجیانه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌پێی ڕونكردنه‌وه‌كانی كیه‌ر ستارمه‌ر سه‌رۆك وه‌زیرانی بریتانیا ئیمانوێل ماكرۆن و سه‌رۆكی فڕه‌نسا كه‌ به‌یاننامه‌یه‌كی سێ قۆڵی هاوتایان له‌گه‌ڵ ڤۆڵۆدمیر زلێنسكی سه‌رۆكی ئۆكرانیا واژۆكرد، دوای ئاگربه‌ست له‌نده‌ن و پاریس پلانیان داناوه‌ بنكه‌ی سه‌ربازی خۆیان له‌ ئۆكرانیا دابمه‌زرێنن و دامه‌زراوه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی چه‌ك و كه‌ره‌سته‌ی سه‌ربازی دروستبكه‌ن.

ماریا زاخارۆڤا باسی له‌وه‌شكردوه‌، "وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا هۆشداریده‌دات له‌وه‌ی كه‌ جێگیركردنی یه‌كه‌ سه‌ربازییه‌كان، دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌كان، كۆگاكان و ژێرخانی دیكه‌ له‌ وڵاتانی ڕۆژئاواوه‌ بۆ سه‌ر خاكی ئۆكرانیا به‌ ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی داده‌نرێت كه‌ مه‌ترسی ڕاسته‌وخۆ بۆ سه‌ر ئاسایشی نه‌ك ته‌نها ڕوسیا، به‌ڵكو بۆ وڵاتانی دیكه‌ی ئه‌وروپا دروستده‌كات".

پێشتریش، وه‌زاره‌تی به‌رگری ڕوسیا ڕایگه‌یاند، له‌ ئه‌نجامی ئۆپه‌راسیۆنه‌ چالاكه‌كاندا، یه‌كه‌كانی گروپی هێزه‌كانی ڕۆژهه‌ڵات شارۆچكه‌ی براتسكۆی ناوچه‌ی دنیپرۆپترۆڤسكیان كۆنتڕۆڵ كرد و له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوشدا هه‌زار و 180 سه‌ربازی ئۆكرانیا كوژراون.

بابەتی هاوشێوە