ڕۆیتەرز: کۆبوونەوەکانى دیمەشق و پاریس ڕێگەخۆشکەر بوون بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا

22.01.2026
جەماوەر نیوز
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئەو کۆبوونەوانەی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لە دیمەشق و پاریس و عێراق ئەنجام دراون، ڕێگەخۆشکەربوون، بۆ داگیرکردنی خێرای چەکدارەکانی جۆلانى بۆ ناوچەکانى باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا بەبێ ناڕەزایی ڕاستەوخۆی ئەمریکا، ئەمەش بەشێک بوو لە لێکتێگەیشتنە ڕانەگەیەندراوەکان.
ئاوێنە: ئاژانسی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە نۆ سەرچاوەی دیپلۆماسیی و سیاسیی سەبارەت بە چۆنییەتى ڕێککەوتن لە سەر هێرشکردنە سەر ڕۆژئاواى کوردستان  بڵاوى کردەوە، کۆبوونەوەی دیمەشق لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات لە ٤ـی کانوونى دووەم بە کتوپڕی کۆتایی پێهات، بەمەش گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا کۆتایی پێهات، دوو بەرپرسی سووریا ئاماژەیان بەوە کرد، کۆبوونەوەیەکی دواتر لە پاریس تۆمەتبارکردنی ئیسرائیل بە پشتیوانیکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەخۆگرتبوو.
سەرچاوەیەکی سووری ڕایگەیاند، گفتوگۆکانى پاریس دەستی خستووەتە سەر هێرشی سنووردار دژی هێزەکانی هەسەدە، بەبێ ئەوەی هیچ ناڕەزایەتییەکی ڕوون و ئاشکرا بێتە ئاراوە و پەیامێکی تورکیاش گەیاندووە، کە ئاماژە بەوە دەکات واشنتۆن دژایەتی کردەوەی سەربازی ناکات بە مەرجێک هاووڵاتیانی مەدەنی کورد پارێزراو بن.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، دیپلۆماتکارێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە، واشنتۆن ئاماژەی ناردووە بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات، کە پشتگیرییەکانی دەکشێنێتەوە، سێ سەرچاوە پشتڕاستیان کردووەتەوە، تۆم باراک نوێنەری ئەمریکا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەکانى سووریای دیموکراتی ئاگادار کردووەتەوە کە “بەرژەوەندییەکانی واشنتۆن لەلای حکومەتی جۆلانییە نەک لای ئەوان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ گۆڕانکاری لە ئەولەوییەتەکانی ئەمریکا، سەبارەت بە نەخشەی سووریا.
ئەم پێشهاتانە هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵێک هەنگاوی ئەمنیی و سیاسیی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوویانداوە، لەوانە ڕاگەیاندنی پلانی گواستنەوەی حەوت هەزار دەستگیرکراوی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق لە چالاکییەکى ڕێکخراو و ئەمنى بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا.
هەر لەو چوارچێوەیەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا و وتەی سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گواستنەوەی وەجبەی دەستگیرکراوانی داعش لەو زیندانانەی کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆنترۆڵکرابوون.

بابەتی هاوشێوە