گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی فڕەنسا لەسەر كورد دێتە دەنگ و هێرشی توند دەكاتە سەر ماكرۆن

23.01.2026
جەماوەر نیوز

مارین لوپێن، سەرۆكی گروپی پارتی گردوبونەوەی نیشتمانی لە ئەنجومەنی نیشتمانی فرەنسا ڕایگەیاند، ئەو كوردانەی ئازایانە سەرکردایەتی شەڕی تیرۆریستانی داعشیان کرد، ئێستا دەكوژرێن و جیهان دەستبەرداریان بوە، هەروەها ئیمانوێل ماكرۆنی سەرۆكی فڕەنساش بەرپرسیارێتی گەورەی چەوساندنەوەی كەمینەكانی سوریا لە ئەستۆد دەگرێت

مارین لوپێن، ئەمڕۆ هەینی لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی "X" بڵاویكردەوە،  کوردەکان دەمرن؛ ئەو کوردانەی کە بە ئازایەتییەوە شەڕی دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)یان کرد، بە ترسنۆکانە و بە تەنیا جێهێڵدراون و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش چاوی خۆی لە ئاستیان نوقاندوە. 
ئاماژەی بەوەشكرد، چی بڵێین دەربارەی ئیمانوێل ماکرۆن کە جارێکی دیکە بە شێوەیەکی تراژیدی شکستیهێنا، ئەو کەسەی بە پەلە فەرشی سوری بۆ سەرۆکی خۆسەپێنی سوریا ڕاخست، کە جیهادییەک بوە و پێشینەی لە ناو داعش و قاعیدەدا هەبوە. 
مارین لوپێن لە پەیامەكەیدا دەشڵێت، "سەرۆک کۆمار بە بەخشینی شەرعییەت و بڕوانامەی ڕێزگرتن بە ئیسلامیزم، ئەمڕۆ بەرپرسیارێتییەکی قورس لە ئەستۆ دەگرێت لە چەوساندنەوەی کەمینەکان لە سوریایە".
پاشخانی هەواڵ؛ 
پارتی گردوبونەوەی نیشتمانی فڕەنسا، گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە ئەنجومەنی نیشتمانی فرەنسا و سەرۆكی بەرەكی ئۆپۆسیۆن دەكات، كە لە كۆی 577 كورسی پەرلەمان، خۆی بە تەنها 123 كورسی هەیە و لەگەڵ هاوپەیمانەكانیدا زۆرینەی ئەنجومەنەكەن. 

بابەتی هاوشێوە