رێگریان له‌به‌رده‌م دروست نه‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی زیندانیانی چه‌كدارانی داعش بۆ ناو عێراق.

24.01.2026
جەماوەر نیوز

فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا داوا له‌ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) و چه‌كدارانی سه‌ر به‌حكومه‌تی دیمه‌شق ده‌كات، پابه‌ندی ئاگربه‌ست بن و رێگریان له‌به‌رده‌م دروست نه‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی زیندانیانی چه‌كدارانی داعش بۆ ناو عێراق.


فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا (CENTCOM) بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌دمیراڵ براد كوپه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د شه‌رع سه‌رۆكی سوریا بۆ قۆناغی راگوزه‌ر ئه‌نجامدا و له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا باسیان له‌ پێشهاته‌ ئه‌منییه‌كانی سوریا و پرسی ده‌ستگیركراوه‌كانی داعش كردوه‌.

كاپتن تیم هۆكینز وته‌بێژی فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندی ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند، هه‌ردولا باسیان له‌ گرنگی "پابه‌ندبونی هێزه‌كانی حكومه‌تی سوریا به‌ ئاگربه‌ست له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) كردوه‌، هه‌روه‌ها باسیان له‌ پاڵپشتیكردن له‌ گواستنه‌وه‌ی هه‌ماهه‌نگی ده‌ستگیركراوانی داعش له‌ سوریاوه‌ بۆ عێراق كردوه‌".

ڕونیكردوه‌ته‌وه‌، براد كوپه‌ر "كورته‌یه‌كی له‌ پلانه‌كه‌یان بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنێكی به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی حه‌وت هه‌زار ده‌ستگیركراو بۆ ئه‌حمه‌د شه‌رع خستۆته‌ڕو، چاوه‌ڕوانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌مریكاشی ده‌ربڕیوه‌ كه‌ "هێزه‌كانی سوریا، هه‌روه‌ها هه‌مو لایه‌نه‌كانی دیكه‌، خۆیان له‌ هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك به‌دوربگرن كه‌ بتوانێت ڕێگری له‌م پرۆسه‌یه‌ بكات".

پێشتریش ئه‌مڕۆ، فه‌رمانده‌یی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا ده‌ستپێكردنی ئه‌ركێكی بۆ گواستنه‌وه‌ی ده‌ستگیركراوانی داعش له‌ باكوری ڕۆژهه‌ڵاتی سوریاوه‌ بۆ عێراق ڕاگه‌یاند، به‌ ئامانجی "دڵنیابون له‌وه‌ی ئه‌و تیرۆریستانه‌ی له‌ زیندانه‌كان ماونه‌ته‌وه‌ نه‌بنه‌ هۆی مه‌ترسی و له‌ قۆناغی یه‌كه‌میشدا 150 چه‌كدار كه‌ له‌ زیندانێكی حه‌سه‌كه‌ه‌وه‌ بۆ شوێنێكی پارێزراو له‌ عێراق گواستراونه‌ته‌وه‌.

بابەتی هاوشێوە