كاتی دابەشكردنی نەوتەكەی عێراق لە سلێمانی دیاریكرا

31.01.2026
جەماوەر نیوز
دوابەدوای بڕیارەكەی حكومەتی عێراق بۆ ناردنی نزیكەی 50 ملیۆن لیتر نەوت بۆ هاووڵاتیانی هەرێم، لە هەولێر و دهۆك دابەشكردن دەستی پێكرد و بڕیارە سبەینێش نەوتە 100 لیترییەكە لە شاری سلێمانی دابەش بكرێت و بە 31 هەزار دینار دەبێت.
سەلام عومەر، وتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی وتی: ” نەوتەکەی بەغدا گەیشتووەتە سلێمانی و سبەی یەک شەممە 1ی شوبات نەوت لە سەنتەری شار دابەش دەکرێت”.
ئاشكراشی كردووە: “بۆ هەر خێزانێک 100 لیترە و بە نرخی 31 هەزار دینار دابەشدەکرێت و سەرەتاش لە بنكەی یەک دەست بەدابەشکردنی نەوت دەکرێت”.
بەپێی زانیارییەكانی (خەڵك)، بڕی 20 ملیۆن لیتر بۆ سلێمانی تەرخان كراوە.
پێشتریش، ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند: “بەشێك لە نەوتی سپی لە لایەن حكومەتی فیدراڵ بۆمان هاتووە، بڕەكەی بۆ هەولێر و سۆران 18 ملیۆن لیترە، ئەگەرچی بڕەكە زۆر كەمە، بەڵام دەست بە دابەشكردنی كراوە.”
ئاشكراشی كرد: “100 لیتر نەوت بە 31 هەزار دینار دابەش دەكرێت و دابەشكردنەكەش لە بەنزینخانە لە رێگەی كارتی ئەلیترۆنی سووتەمەنی دەبێت”.

بابەتی هاوشێوە