موشه‌كه‌ نوێیه‌كه‌ی كۆریای باكور بنكه‌كانی ئه‌مریكا ده‌خاته‌مه‌ترسیه‌وه‌

03.02.2026
جەماوەر نیوز
ڕۆژنامه‌ی ئیزڤێستیای ڕوسی ئاشكرایكردوه‌، كۆریای باكور بازدانێكی به‌رچاوی ته‌كنه‌لۆژی له‌ جبه‌خانه‌ی سه‌ربازی خۆیدا كردوه‌، له‌وانه‌ ژێرده‌ریایی ئه‌تۆمی، كه‌شتیی تێكده‌ر و تۆپخانه‌ی موشه‌كی زۆر به‌هێز.

ڕۆژنامه‌ی ئیزڤێستیا له‌ زاری دیمیتری بۆڵتنكۆڤ، شرۆڤه‌كاری سه‌ربازییه‌وه‌ بڵاویكرده‌وه‌، كۆریای باكور به‌هێزترین موشه‌كی فره‌یی له‌ جیهاندا په‌ره‌پێداوه‌ و ئه‌و سیسته‌مه‌ نوێیه‌ش توانای له‌ناوبردنی بنكه‌كانی ئه‌مریكای له‌ كۆریای باشور هه‌یه‌.

به‌پێی ڕاپۆرته‌كه‌، تاقیكردنه‌وه‌ی وه‌شانی نوێكراوی موشه‌ك هه‌ڵگری KN-25 به‌ كالیبه‌ری 600 ملم له‌م چوارچێوه‌یه‌دا جیاوازه‌، ئه‌م سیسته‌مه‌ له‌ تواناكانیدا له‌ هه‌مو هاوتا چینی و ڕوسی و ئه‌مریكییه‌كانی تێده‌په‌ڕێت، به‌مه‌ش ده‌بێته‌ به‌هێزترین سیسته‌می موشه‌ك له‌ جۆری خۆی له‌ ئاستی جیهانیدا، هه‌روه‌ها هێڵه‌كانی دابه‌شكردنی موشه‌كی ته‌قلیدی و موشه‌كی بالیستیكی وردی به‌رز ده‌سڕێته‌وه‌.

به‌ وته‌ی دیمیتری بۆڵتنكۆڤ، داتا ته‌كنیكییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ مه‌ودای 358 كیلۆمه‌تری هه‌یه‌، ئه‌مه‌ش سیئۆلی پایته‌ختی كۆریای باشور و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ سه‌ربازییه‌ ستراتیژییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌ ده‌خاته‌ ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌وخۆوه‌.

وه‌شانی نوێكراوه‌ تایبه‌تمه‌ندی سیسته‌مێكی زیره‌كی خۆكۆنتڕۆڵكردنی تێدایه‌ كه‌ پیۆنگیانگ ناوی ده‌بات "Juche-26"، سیسته‌مێك كه‌ بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی به‌هێزترین ئامرازه‌كانی جه‌نگی ئه‌لیكترۆنی داڕێژراوه‌، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هه‌وڵه‌كانی جامكردنی ئه‌مریكی به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی بنكه‌یان له‌ بنكه‌ی ئاسمانی ئۆسانه‌، له‌ ئه‌گه‌ری ڕودانی ململانێیه‌كی ڕاسته‌قینه‌دا، بێكاریگه‌ر بن.

ئه‌و پسپۆڕه‌ ڕوسییه‌ ڕونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌م سیسته‌مه‌ به‌ وردبینییه‌كی ئه‌وپه‌ڕی تایبه‌تمه‌نده‌ كه‌ له‌ ستاندارده‌كانی چه‌كی نه‌شته‌رگه‌ری ڕۆژئاوا نزیك ده‌بێته‌وه‌، به‌و پێیه‌ی خه‌مڵاندنه‌ سه‌ربازییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ڕێژه‌ی هه‌ڵه‌ له‌ لێدانی ئامانجه‌كاندا له‌ 10 مه‌تر زیاتر نابێت له‌كاتی به‌كارهێنانی سیسته‌می ڕێنمایی تێكه‌ڵاودا.

جگه‌ له‌ وردبینی، ئه‌م موشه‌كانه‌ سه‌ری جه‌نگی 500 كیلۆگرامیان هه‌ڵگرتوه‌، توانای سه‌لمێنراویان هه‌یه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی كڵاوه‌ ئه‌تۆمییه‌ تاكتیكییه‌كانی هواسۆنگ-31، كه‌ ئه‌م موشه‌كانه‌ له‌ چه‌كی پشتیوانی مه‌یدانییه‌وه‌ ده‌گۆڕێت بۆ ئامرازێكی ڕێگری ستراتیژی كه‌ توانای له‌ناوبردنی فڕۆكه‌خانه‌كان و بنكه‌ گرنگه‌كانی هه‌یه‌ به‌ لێدانی كتوپڕ و چڕ.

بابەتی هاوشێوە